كەمتر بخۆ زیاتر دەژیت

كەمتر بخۆ زیاتر دەژیت
لێكۆڵینەوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە كەمكردنەوەی وزەی خۆراكی لە رێگای كەمتر خواردن سوودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە بەتایبەتی لە رێگای رێكخستنی سستمی هۆرمۆنەكان كە كۆنترۆلكردنی ئارەزووی خواردن و كرداری بەتەمەنداچوون، هەروەها كۆنترۆلكردنی كێشی لەش و خۆپاراستن لە بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل و خۆپاراستن لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان كە لە كوالیتی ژیان و ساڵەكانی تەمەن كەم دەكەنەوە وەكو نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ و شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. هەتا زیاد خواردنی خۆراكی باش زیانی تەندروستی لێدەكەوێتەوە، بۆ نموونە زیاد خواردنی چەوریی ئاژەڵی كە بە چەوریی خراپ ناسراوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی كۆلیستیرۆل و زیادبوونی كێشی لەش، لە لایەكی دیكەوە زیاد خواردنی زەیتی زەیتوونیش كە بە باشترین زەیت لە قەڵەم دەدرێت لە رووی بەهای خۆراكی و بایەخی تەندروستییەوە دەبێتە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش، چونكە 1 گرام چەوریی ئاژەڵی یان زەیتی زەیتوون 9 كالۆری وزە لەخۆدەگرن، واتە هەمان بڕی وزە بە لەش دەبەخشن. زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی هۆكارێكی راستەقینەیە كە تەندروستی بە توندی دەخاتە مەترسییەوە و لە درێژی تەمەن كەم دەكاتەوە كە بە نزیكەی 9 ساڵ دەخەمڵێنرێت. هەوڵ بدە كە بەرە بەرە ژەمە خۆراكییەكانت بچووك بكەیتەوە بە مەرجێك لەسەر حیسابی ماددە خۆراكییە گرنگەكان نەبێت كە رۆژانە بە بڕی دیاریكراو پێویستن و ناكرێ لەژێر هیچ بارودۆخێكدا دەست بەرداریان بین وەكو ڤیتامین و كانزا و ریشاڵ و ماددە دژەئۆكسانەكان Antioxidants.
Top