هەموومان بە سوودە تەندروستییەكانی ماسی ئاشناین بەتایبەتی ترشە چەوری ئۆمیگا3 كە بایەخێكی تەندروستی زۆری هەیە. زۆر كەس نیگەرانن سەبارەت بە خواردنی پێستی ماسی كە ئایا سوودبەخشە یان زیانبەخش. بەگشتی پێستی ماسیFish Skin بۆ خواردن باش نییە و تەندروستییانە نییە لەبەر ئەوەی كە ماددە زیانبەخش و تۆكسینەكانی ناو ئاوی رووبار و دەریاكان بە تایبەتی كانزا قوڕسەكانی وەكو جیوە لە پێست و شانە چەورییەكانی ماسیدا كۆدەبنەوە، ئەگەرچی ئەم ماددە پیسكارانە Contamitants لەناو گۆشتی ماسیشدا كۆدەبنەوە بەڵام بە رێژەیەكی یەكجار كەمتر كە پاش خواردنی زیانێكی ئەوتۆ بە تەندروستی ناگەیەنێت. بە پێی رێنماییەكانی ئاژانسی ئەمەریكی بۆ خۆپاراستن لە كاریگەرییەكانی ژینگە EPA پێویستە كە بەر لە برژاندن و خواردنی ماسی پێستەكەی بە تەواوی لابرێت، شانە چەورییەكان و هەموو ئەندامەكانی ناوەوەش لابرێن بە مەبەستی كەمكردنەوەی رێژەی ماددە زیانبەخشەكان بۆ بچووكترین رێژە كە كاریگەری نێگەتیڤ نەكاتە سەر تەندروستی. هەر بۆیەشە كە گەلێك كەس بۆ دابینكردنی ترشە چەوری ئۆمیگا3 تەنیا ماسی ساردین دەخۆن كە خاوەن سەلامەتترین پێستە لە رووی كۆبوونەوەی جیوە و ماددە پیسكارەكانی ترەوە، هەروەها ماسی ساردین بچووكە و زیاتر رووەكییە، لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا هەندێك كەس ئەگەر ماسییەكە فرێش بێت یان قوتووبەند هەر پێستەكەی لادەبەن ئینجا دەیخۆن.