ئیكۆی دڵ چیمان نیشان دەدات؟

ئیكۆی دڵ چیمان نیشان دەدات؟
پشكنینی نەخشەی ئیكۆی دڵ Echocardiogram بریتییە لە بەكارهێنانی لەرەلەر یان فریكوانسی بەرزی شەپۆلی دەنگ یان ئەلتراساوند بۆ پشكنینی دڵ، هەروەها پشكنینێكی سەلامەت و بێ ئازارە، هیچ زیانی لابەلای نییە و چەندین نەخۆشیی دڵ دەستنیشان دەكات. تێستی ئیكۆی دڵ گرنگە بۆ: دیاركردنی قەبارە و شێوەی دڵ واتە پێوانەی قەبارەی سكۆڵە و گوێچكەڵەكانی دڵ لەگەڵ ئەستووریی ماسوولكەی دڵ، دیاركردنی توانای پەمپیكردنی دڵ Pumping efficiency كە ئایا هەموو بەشەكانی دڵ بە یەكسانی بە هەمان توانا خوێن پاڵدەنێن، دەستنیشانكردنی دروستی و نادروستی زمانەكانی دڵ Heart valves لە شێوە و جوولەی زمانەكان و بوونی رادەی تەسكبوونەوە یان فراوانبوونی زمانەكان، دەستنیشانكردنی كۆبوونەوەی شلە لە دەوری دڵدا، دەستنیشانكردنی بوونی خوێنی مەییو یان گرێ لەناو دڵدا، هەروەها بوونی كون لە دیواری نێوان دوو سكۆڵە یان دیواری نێوان دوو گوێچكەڵەدا. پشكنینی ئیكۆی دڵ تەنیا 30-60 خولەك دەخایەنێت، ئامادەباشییەكانی نەخۆش پێش ئەنجامدانی پشكنین بریتین لە: دووركەوتنەوە لە خواردن و خواردنەوە بەلای كەم بۆ ماوەی 3 كاتژمێر بەر لە پشكنین، لەبەركردنی جلی سست یان گوشا، پاككردنەوەی چەند شوێنێكی سینگ و نزیك شانەكان بە گیراوەیەكی ئەلكهولی تایبەت بۆ ئامادەكردنی پێست بۆ ئەلیكترۆنەكانی دەزگای ئیكۆ، ئەگەر هەر دەرمانێك بۆ هەر مەبەستێك وەردەگریت پێویست بە ئاگاداركردنەوەی دكتۆر دەكات.
Top