لەوانەیە وا بیربكەیتەوە كە خواردنەوەی كۆلای دایێت Diet cola ئەلتەرناتیڤێكی باش بێت بۆ كۆلای ئاسایی كە كالۆری زۆر لەخۆدەگرێت. لەبەر ئەوەی كە شەكر هۆكاری وزە بەرزەكەی ساردەمەنی ئاساییە، زیاد خواردنەوەیان دەبێتە ئەگەری زیادبوونی كێش، هەر لەبەر ئەمەشە كە زۆر كەس ساردەمەنی دایێت دەخۆنەوە گوایە كێشیان لەژێر كۆنترۆلدا دەمێنێتەوە. ئەگەرچی كۆلای دایێت هیچ وزە لەخۆناگرێت چونكە ماددەیەكی شیرینكاری دەستكردی Artificial sweetener لەجیاتی شەكر تێدایە، بەڵام لێكۆڵینەوەكان دەڵێن هێشتا وەكو كۆلای ئاسایی بۆ تەندروستی باش نییە، لەوانەیە كە زیانی زیاتریشی هەبێت. مەبەستی زۆربەی ئەوانەی كە ساردەمەنی دایێتDiet soft drinks لە بری ساردەمەنی ئاسایی دەخۆنەوە بریتییە لە كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش، بەڵام لێكۆڵینەوەكان پێچەوانەی ئەمەیان روونكردۆتەوە، بۆ نموونە لە چەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە زیانی ساردەمەنی دایێت لەوەدایە كە چێژە شیرینە دەستكردەكەی تا رادەیەك لەش دەخەڵەتێنێت بەوەی كە بڕێكی زۆری لە وزە وەرگرتووە لە ئەنجامدا ئەگەری زیاد خواردن و زیادبوونی كێشی لەش دێتە پێشەوە. كەچی بە خواردنەوەی ساردەمەنی ئاسایی، لەش هەست بە تێربوون دەكات پاش بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن. هەوڵ بدە كە بەگشتی دووركەویتەوە لە هەر جۆرێكی خواردنەوە گازدارەكان، چونكە زیاد خواردنەوەیان بە یەكێك لە نەریتە خراپەكانی پەیوەست بە خۆراك هەژماردەكرێت، زیاتر ئاو و شیری بێ چەوری و شیرەی میوەی سروشتی بخۆرەوە.