شیر یان بەرهەمەكانی شیر وەكو ماست و پەنیر و ئایس كرێم یان كەرە لە گەلێك كەسدا دەبنە ئەگەری پەیدابوونی هەستەوەری Milk allergy بەتایبەتی لە منداڵاندا. هەستەوەری پاش خواردنی سپیاتی یان ئەلبان Dairy productsكۆمەڵێك نیشانەی لێدەكەوێتەوە كە چەندین بەشی لەش دەگرنەوە. بەرگەنەگرتنی شەكری شیر یان لاكتۆز Lactose intolerance حاڵەتێكی ترە كە زۆر كەس پێی وایە بەشێكە لە هەستەوەری بەرانبەر بە ئەلبان. هۆكاری هەستەوەری ئەلبان دەگەڕێتەوە بۆ زیاد هەستیاربوونی سستمی بەرگری لەش بەرانبەر بە یەكێك یان پتر لە پرۆتینەكانی شیری چێل، ئەمەش مەیلێكی زگماكی هەیە. لە كەسانی تووشبوو بە هەستەوەری، پاش خواردنی ئەلبان بە چەند خولەكێك تا چەند كاتژمێرێك نیشانەكان دەردەكەون كە بریتین لە: نیشانەكانی كۆئەنامی هەرس كە نزیكن لە نیشانەكانی گرژبوونی قۆڵۆن وەكو قەبزی، هەندێك جاریش سكچوون، هەروەها دڵەكزێ و هەستكردن بە سووتانەوەی گەدە پاش خواردنی ئەلبان، هەستكردن بە ماندووبوون، سەرئێشە، هەندێك جاریش لە حاڵەتە سەختەكاندا ئاوسانی دەم و قوڕگ و هەناسەسواری بەدی دەكرێت. كلیلی چارەسەركردن بە دووركەوتنەوە لە خواردنی شیر و بەرهەمەكانی دەستپێدەكات، پاشان بەكارهێنانی چەند دەرمانێكی دژە هەستەوەری لە لایەن دكتۆر.