نەشتەرگەری بۆ پشت ئێشە

نەشتەرگەری بۆ پشت ئێشە
گرفتی سەرەكیی تووشبووان بە دیسك بریتییە لە ئازار لە پشت Backache یان لە پشت و قاچەكاندا، بۆیە گرنگیی هەر رێگا چارەیەك خۆی لە كەمكردنەوەی یان نەهێشتنی ئازاری پشتدا دەبینێتەوە، ئامانجی نەشتەرگەریش كەمكردنەوەی ئازارە بە كەمترین دەستوەردانی نەشتەرگەری. دەكرێ كە زۆربەی هەرە زۆری تووشبووان بە خزینی كركڕاگە (دیسك) Disc prolapse بە بێ نەشتەرگەری چارەسەر بكرێن و ئازارەكانیان كۆنترۆل بكرێت. دەستنیشانكردنی سەرچاوەی ئازارەكە بۆ مەبەستی دەستوەردانی نەشتەرگەری كارێكی ئاسان نییە لەوكاتەی كە لە پشكنینی رەنینی موگناتیسیدا MRI بە تەواوی شتێكی نائاسایی دەرناكەوێت. سەرچاوەی ئازارەكە لەوانەیە كە دیسك بێت یان ماسوولكە یان بەستەرەكان، چونكە پشكنینەكان توێكاریمان نیشان دەدەن و شتە نائاساییەكان دەستنیشان دەكەن، تا ئێستاش هەرگیز پشكنینێك نییە كە ئازار دەستنیشان بكات. ئازارێك كە خۆجێیی بێت لە ناوەڕاستی پشتدا كە بێت و بچێت، ئەوا دەكرێ زۆر بە ئاسانی كۆنترۆل و چارەسەر بكرێت بە حەسانەوە و دووركەوتنەوە لە مەشقی وەرزشی توند بە بێ بەكارهێنانی دەرمانە بەهێزەكان بۆ كەمكردنەوەی ئازار. ئەگەر بە پشكنینی رەنینی موگناتسی شتێكی نائاسایی دەركەوت كە هۆكاری پشت ئێشەكە بێت وەكو هەوكردن Infection، گرێ یان شێرپەنجە، خزینی دیسك، تەسكبوونەوەی كونی بڕبڕەكان Spinal stenosis ئەوسا بڕیاری ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ كەمكردنەوەی فشار لەسەر دەمارەكان یان جێگیركردنی بڕبڕە دێتە پێشەوە. ماكەكانی نەشتەرگەری هەتا لە سەنتەرە پێشكەوتووەكاندا بریتین لە: برینداربوونی دەمار، ئیفلیجی، هەوكردن، سەرەڕای ئەوەی كە بەگشتی هیچ نەشتەرگەرییەك بە گارانتی نییە
Top