زۆر لەمێژ نییە بڕوا وابوو كە خۆراكی بێ چەوری كلیلە بۆ تەندروستییەكی باش. ئەمەش وای لە مرۆڤ كرد كە نەك هەر كێشی زیاد بكات بەڵكو تەندروستیشی ناتەواو بێت. كە خۆراكمان بێ چەوری بێت ئەوا هەموومان بڕێكی زیاتر خۆراك دەخۆین، واتە كالۆری زیاتر وەردەگرین. لەش بۆ راپەڕاندنی فرمانەكانی پێویستی بە چەورییە، سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی وزەیە، هەروەها پێكهێنەری پەردەی خانەیە. هەموو جۆرەكانی چەوری ئەم ئامانجانە ناپێكن، خانەكان پشت بە جۆری تایبەتی چەوری دەبەستن كە بە ترشە چەورییە زەروورەكانEssential fatty acids ناوزەد دەكرێن بریتین لە كۆمەڵەی ئۆمیگا 3 و كۆمەڵەی ئۆمیگا 6 و كۆمەڵەی ئۆمیگا 9. ترشە چەورییەكانی گروپی ئۆمیگا 3 لە جۆری فرەناتێرەكانن Polyunsaturated كە 3 جۆری سەرەكی دەگرنەوە ALA، EPA، DHA. ئەم چەوریانە لە ماسی سالمۆن و ساردین و ماكیریل Mackerel، تۆو و كاكڵەكان Nuts، هەندێك سەوزە و میوە زەیتی رووەكیدا بە رێژەی جیاواز هەنە. ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا 6 جۆری باش و خراپی هەیە، جۆرە خراپەكەی لە خۆراكی ئاژەڵییەوە سەرچاوە دەگرێت و جۆرە باشەكەی لە دانەوێڵە و كاكڵەكان و زەیتی رووەكی سەرچاوە دەگرێت. ترشە چەوری ئۆمیگا 9 كە ناسراوە بە ترشی ئۆلیك Oleic acid لە جۆری ناتێرە یەكانەكانە Monounsaturated و لەش توانای دروستكردنی بە بڕی كەم هەیە، سەرچاوە خۆراكییەكانی بریتین لە: زەیتی زەیتوون، میوەی ئاڤۆكادۆ.