چۆن منداڵەكانمان لە كۆمپیوتەر دووردەخەینەوە?

چۆن منداڵەكانمان لە كۆمپیوتەر دووردەخەینەوە?
9 ئەیلوول/سێڵتێمبەر (گوڵان میدیا)- بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا و كۆمپیوتەر لەلایەن منداڵانەوە، كێشەیەكە باوكان و دایكانی ئەم سەردەمەی سەرقاڵكردووە.
هەرچەندە زانایان و شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە كە زانینی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر لە بۆ ژیانی منداڵان پێویستییەكی گرنگە ، بەڵام ئەو پێویستییە زۆرجار بووەتە مایەی كێشە بۆ باوان، بە تایبەت كە منداڵان لە ئەركەكانی خۆیان لە قوتابخانە دوور دەخاتەوە و زۆرجار تووشی تەمبەڵییان دەكات و جیا لەوەش زۆر بەكارهێنانی منداڵ تووشی كێشەی دابڕان لە چواردەور دەكات و زیانە تەندروستییەكانیشی لەولاوە بوەستێت.
ئانا باخۆفا، پسپۆری تەندروستی دەروونیی لە چیك روونیدەكاتەوە كە رێگەدان بە بەكارهێنانی كۆمپیوتەر بە شێوەی زیاد لە پێویست كێشەی زۆر بە دوای خۆیدا رادەكێشێت، هەر بۆیە 4 ئامۆژگاری وەك رێگە چارەیەك بۆ سنوورداركردنی ئەو خووەی منداڵ دیاریدەكات:
1- وازهێنان لە ئاگاداركردنەوە و دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵیان:
ئەو پسپۆرە روونیدەكاتەوە كە نابێ لەگەڵ منداڵەكەت دیت چەند كاژێرێك تەماشای كۆمپیوتەر دەكات، هاواری بەسەردا بكەیت و لێی توڕەبیت، بەڵكە باشترین رێگە چارە ئەوەیە كە هەوڵ بدەی بە قسە لەگەڵ كردن و دواندنی بەردەوام و خستنە رووی شتی‌دیکه‌ بیهێنیتەوە نێو جیهانی واقیع بۆ ئەوەی خۆی پێوە سەرقاڵ بكات تا لە كۆمپیوتەر دوور بكەوێتەوە.
2-پابەندبوون بە رێساكانەوە:
ئەو پزیشكە روونیدەكاتەوە كە ناكرێ باوان بەردەوام چاودێری منداڵەكانیان بكەن تا بزانن لە كۆمپیوتەردا چی بەكاردەهێنن. رێگە چارە ئەوەیە كە خشتەی كاری رۆژانە بۆ منداڵ دابنرێت بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی قوتابخانە و دواتر تەماشاكردنی كۆمپیوتەر لە كاتێكی دیاریكراودا.
ئەو دەڵێ پێویستە ئەمە لە رێگەی پەیمانێكەوە لەگەڵ منداڵەكەدا بكرێت، تا تێی بگەیەنی كە رۆژانە بۆی هەیە ئەو ماوە دیاریكراوە كۆمپیوتەر بەكاربێنێت و دوای ئەوە لێی بسەنیتەوە.
3- شتی دیکه‌ی بخەنە بەردەست:
پزیشكەكە داوا دەكات باوان لە بری كۆمپیوتەر بیر لە بژاردەی‌دیکه‌بكەنەوە بۆ ئەوەی منداڵەكەیان خۆی پێوە سەرقاڵ بكات، وەك مەلەكردن یان ئەسپسواری یان چوونە باخچەیەك یان تەماشاكردنی فیلمێكی زانیاری.
4-یارییان لەگەڵدا بكەن:
پێویستە باوان بە بەشداری پێكردنیان لەو یارییانەدا كە ماندووبوونی جەستەیی تێدایە خۆیان یاری لەگەڵ منداڵەكانیان بكەن، تا سەرنجی منداڵەكان لەسەر كۆمپیوتەر دوور بكەوێتەوە.

-PNA
Top