ڤیتامین B1

ڤیتامین B1
ڤیتامین B1 كە بە تایامین Thiamine ناسراوە،یەكێكە لە كۆمەڵەی ڤیتامین B، لە ئاودا دەتوێتەوە و رۆڵی لە تەندروستیی كۆئەندامی دەمار و كرداری میتابۆلیزمدا هەیە بەتایبەتی میتابۆلییزمی كاربۆهیدراتەكان لە گۆڕینی نیشاستە بۆ شەكر و بۆ وزە كە لەش بەكاری دەهێنێت، هەروەها ئەم ڤیتامینە گرنگە بۆ فرمانی دروستی ماسوولكەكان و كرداری هەرسكردنی خۆراك. سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین B1 بریتین لە: پاقلەمەنییەكان، كۆمەڵەی فاسۆلیا، نیسك، گۆشت، دانەوێڵەی تەواو، شیر، كاكڵەكان، تۆوەكان، پرتەقاڵ. لەبەر ئەوەی كە ئەم ڤیتامینە بە كەمی و بۆ ماوەیەكی كورت لە لەشدا خەزن دەكرێت كە لە 2 هەفتە زیاتر نییە، بۆیە كەمیی ڤیتامین B1 لە خۆراكدا زوو دەبێتە هۆی دەركەوتنی نیشانەكانی كەمیی ئەو ڤیتامینە لە لەشدا كە بە نەخۆشیی بێری بێری Beriberi ناسراوە بەتایبەتی لە تووشبوواندا ئەوانەی راهاتوون لەسەر خواردنەوەی ئەلكهول و نەخۆشیی گورچیلە. نەخۆشیی بێری بێری 3 جۆری هەیە، بێری بێری وشك كە نیشانەكانی بریتین لە گرفت لە دەمار و ماسوولكەكاندا بە شێوەی هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر و بێهێزی، بێری بێری تەڕ واتە گرفت لە كۆئەندامی دڵ و سووڕان، بێری بێری مێشك Cerbral واتە گرفت لە كۆئەندامی دەماری مەركەزیدا بە شێوەی لەبیرچوونەوە و جوولەی نائاسایی چاو و گرفت لە وەستان لەسەر قاچ. پێویستیی رۆژانەی پێگەیشتووان بەم ڤیتامینە بریتییە لە 1.2 ملگم بۆ پیاوان و 1.1 ملگم بۆ ئافرەتان، 1.4بۆ ئافرەتی دووگیان و شیردەر.
Top