لە زانستی پزیشكیدا ئەوە راستییەكی چەسپاو و سەلمێنراوە كە خۆپاراستن لە چارەسەر باشترە، پەیڕەوكردنی خۆراكێكی تەندروستییانە Healthy food یەكێكە لە رێگا كاراكانی خۆپاراستن لەو كاتەی كە تەنیا لە رێگای خۆراكێكی هاوسەنگ و تەندروستییانەوە، دەتوانیت تا رێژەی 80% لە نەخۆشییەكان پارێزراو بیت بەتایبەتی نەخۆشییە درێژخایەنەكان كە زۆربەیان مەترسی گەورەیان بۆ تەندروستیمان هەیە. گەلێك كەس لەسەر حیسابی تەندروستییان هەوڵی پەیداكردنی پارە و سامان دەدەن، پاشان پارە و سامانەكانیان سەرف دەكەن بۆ گەڕاندنەوەی تەندروستییان، كە لەوانەیە هەندێك جار كات لەبەر دەستدا نەمێنێت و پارە و سامان داد نەدات. ئەگەر خۆمان بە زانیاری سەبارەت بە خۆراك دەوڵەمەند كردبێت ئەوا بە ئاسانی دەگەینە ئەو راستییەی كە پەیڕەوكردنی خۆراكێكی تەندروستییانە كارێكی ئاسانە و هەرگیز لە ڕووی نرخی ماددییەوە گران ناوەستێت. سەوزە و میوەی تازە لە راستیدا لەو خۆراكانەن كە بە كالۆری دەوڵەمەندن و هەرزانتر دەوەستن، ئەگەرچی لە نێو جۆرەكانی سەوزە و میوەشدا نرخی هەندێكیان لەوانی دی بەرزترە بۆ نموونە برۆكۆلی و مانگۆ بەڵام بەگشتی زۆربەی سەوزە و میوەكان لە خۆراكە پرۆتینییەكان هەرزانتر دەوەستن. هەروەها دانەوێڵە و شیرەمەنی ئابووریترن لە گەلێك خۆراكی وزە بەرزی وەكو شیرینی و هەویركاری و خۆراكە نیشاستەییەكان. خۆراكی ئۆرگانیك Organic بەگشتی گرانبەهان، سەوزە و میوەی ئۆرگانیكیش بەگشتی لە سەوزە و میوەی ئاسایی گرانتر دەوەستن. ئەوە گومانی تێدا نییە كە خۆراكی تەندروستییانەی دوارۆژ ئەوانەن كە رێژەیەكی بەرز لە ماددە دژەئۆكسانەكانی دژەشێرپەنجە و ماددە خۆراكییە رووەكییەكانی دیكە لەخۆدەگرن.