شێرپەنجەی مەمك Breast cancer باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە ئافرەتاندا، ئەویش چەند جۆرێكی هەیە، بۆیە جۆری چارەسەركردن جیاوازیی هەیە. تا ئێستا هۆكاری تەواوی تووشبوون بەم شێرپەنجەیە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام چەندین هۆكار رێگا خۆش دەكەن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك وەكو: بەساڵاچوون واتە چەند تەمەنی ئافرەت گەورەتربێت هێندە ئەگەری تووشبوون زیاتر دەكات، بوونی مەیلی خێزانی بۆ ئەم نەخۆشییە بۆ نموونە تووشبوونی كەسانی نزیكی پلە یەك وەكو دایك یان خوشك ئەگەری تووشبوون دوو هێندە زیاد دەكات، تووشبوونی مەمكێك بە شێرپەنجە ئەگەری تووشبوون لە مەمكەكەی دیكە زێتر دەكات، بینینی سووڕی مانگانە لە تەمەنێكی زوودا، بۆ نموونە 11 یان 12 ساڵ، هەروەها دواكەوتن لە تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕەكە Menopause بۆ نموونە پاش 55 ساڵ ئەگەری تووشبوون زیاد دەكەن، بەكارهێنانی هۆرۆمۆنی ئیسترۆجین بەتایبەتی جۆری دایئیتیل ستیلبیسترۆل Diethylstilbestrol ئەگەری تووشبوون پتر دەكات، نەبوون بە خاوەن منداڵ لەپاش تەمەنی 30 ساڵی، دووركەوتنەوە لە شیردانی سروشتی، كێشی زیاد و قەڵەوی، بەكارهێنانی دەنكی رێگرتن لە دووگیانی بۆ ماوەیەكی زۆر، بۆ نموونە 10 ساڵ یان زیاتر، بەكارهێنانی هۆرمۆن لەپاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە، كەم جوولانەوە و ئەنجام نەدانی مەشقی وەرزشی، خواردنەوەی ئەلــــكهول، زیــــاد خــــــــواردنـــــی خــــــۆراكی چـــەور.