خۆراكی شیرین لە مانگی رەمەزاندا

خۆراكی شیرین لە مانگی رەمەزاندا
رۆژووانان بەگشتی حەز لە خواردنی شیرینی دەكەن، بەڵام ئایا هەموو خۆراكە شیرینەكان تەندروستین؟ خواردنی میوەی شیرین باشترە یان خواردنەوەی شەربەتی دەستكرد و نوشابە گازدارەكان؟ زۆربەی شیرینییەكان Sweets لە شەكر، ئاردی سپی، چەوری،نیشاستە، شیر، ڕەنگ و بۆن و چێژی خۆراكی دروستدەكرێن. بۆ هەمووان ئاشكرایە كە شەكر دوژمنی دڵە چونكە زیاد خواردنی دەبێتە هۆی ڕەقبوونی خوێنبەرەكان لەبەر زیادبوونی ئاستی كۆلیسترۆلی خوێن. لەكاتی برسیبووندا ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێت، خواردنی شیرینی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەكی خێرای شەكری خوێن كە ئەمەش هەستی تێربوون دەبەخشێت بە رێگای سەنتەری هەستكردن بە برسیبوون و تێربوون لە مێشكدا، پاشان دووبارە ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێت و هەستی برسیبوون سەرهەڵدەداتەوە. ئەم هەستكردنە بە برسیبوون و تێربوونە ماوە كورتە زیاتر لەو كەسانەدا بەدی دەكرێت كە لەگەڵ رۆژووشكاندندا بە شێوەیەكی سەرەكی شیرینی و نوشابە گازدارەكان و قەنادی دەخۆن لە جیاتی گروپە سەرەكییەكان و مادە خۆراكییە گرنگەكان. شیرینی هۆكارە بۆ كلۆربوونی ددان، بۆیە زیادخواردنی شیرینی بەبێ شووشتنی ددان راستەوخۆ پاش خواردنی، بە تێپەڕبوونی كات ددان تووشی كلۆربوون دەكات. هەروەها شیرینی قەڵەوت دەكات، ئەمەش رووبەڕووی گەلێك نەخۆشیت دەكاتەوە وەكو نەخۆشیی شەكرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشی دڵ، بەردی زراو، گرفت لە جومگەكان و پشت ئێشە، هەروەها شێرپەنجە.
Top