ئایا پێكهاتەكانی بیبسی و كۆلا زیانبەخشن؟

ئایا پێكهاتەكانی بیبسی و كۆلا زیانبەخشن؟
كۆكا كۆلا یان بیبسی پێكهاتووە لە شەكر، ئاوی كاربۆنكراو، رەنگ(كارامێل)، ماددەیەكی چێژی كۆلا، ترشی فۆسفۆریك. ئایا قەت بیرت لەوە كردۆتەوە كە رەنگەكەی كۆكا كۆلا و بیبسی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ ماددەی كارامێل Caramel كە رەنگێكی قاوەیی یان رەشی هەیە لە چەندین خواردن و خواردنەوەدا بەكاردێت، هەر ئەم ماددەیەیە كە لە پیشەسازیی خۆراكدا بۆ رەنگی كۆلا و بیبسی و چەندین خۆراكی دیكە بەكاردێت. جگە لە كارامێل، ماددەی كیمیایی دی دەخرێتە ناو كۆكا كۆلا و بیبسییەوە بۆ پەیداكردنی چێژەكەی. ئێستا ئەو كارامێلەی كە ماددەی 4- میتیل ئیمیدازۆل Methylimidazole یان 4-MI لەخۆدەگرێت نیشانەی پرسیاری خراوەتە سەر، كە لەوانەیە زیان بە تەندروستی بگەیەنێت و بگاتە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە، هەر لەبەر ئەمەشە لە وڵاتە یەكگرتووەكاندا رێژەكەی لەناو كۆكا كۆلادا كەم كراوەتەوە، ئەگەرچی رێژەكەی لە كۆكا كۆلای بەریتانیا دەگاتە 135 مایكرۆگرام كە ئەمەش 34 جار لە كۆكا كۆلای وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا زیاترە. یەكلاش كراوەتەوە كە زیاد خواردنەوەی هەر شلەمەنییەك كە رێژەیەكی بەرزی شەكر لەخۆدەگرێت كە كۆلا و بیبسیش دەگرێتەوە لەوانەیە ببنە ئەگەری قەڵەوی، كلۆربوونی ددانەكان، هەروەها تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە، بەڵام بەم دواییە باس لە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە دەكرێت لەبەر ئەم ماددە كیمیاییانەی كە بە مەبەستی جیاواز دەخرێنە ناو ئەم خواردنەوە ساردەمەنییانە. بەگشتی زیاد خواردنەوەی بیبسی و نوشابە گازدارەكانی دیكە بە یەكێك لە نەریتە خراپەكانی خۆراك لە هەموو جیهاندا لە قەڵەم دەدرێت .
Top