سەرەڕای بۆنە تایبەت و خۆشەكەی كاكاو Cocoa، كەرەی كاكاویش لە شوكولاتە و گەلێك هەویركاری و شیرینیدا بەكاردەهێنرێت. بەها تەندروستییەكەی كاكاو لەوەدایە كە رێژەیەكی بەرزی لە جۆرێكی مادە دژەئۆكسانەكان تێدایە بە ناوی فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids كە زۆر بەتوندی بەرەنگاری مادە یان كۆلكە سەربەستەكان Free Radicals دەبنەوە، ئەو ماددانە كە ئۆكسجینیان بە ئەلیكترۆنێكی ناتەواوەوە تێدایە لە لەشی مرۆڤدا دروست دەبن و كرداری ئۆكسان Oxidation پەیدا دەكەن كە ئەگەر بە كردارێكی دژەئۆكسان بەرەنگار نەبێتەوە ئەوا زیان بە خانەكان دەگات كە هەندێك جار دەگاتە ناوكی خانە كە ئەمەش دەبێتە هۆی دابەشبوونێكی كۆنترۆلنەكراوی خانەكان و سەرهەڵدانی شێرپەنجە. فلاڤۆنۆیدەكان لەش لەم ماددە زیانبەخشانە پاك دەكەنەوە. كاكاو خوێنبەرەكانی دڵ دەپارێزێت لە تووشبووتن بە رەقبوون كە هەندێك جار نۆرەیەكی كوشندەی دڵ پەیدا دەكات. هەروەها فلاڤۆنۆیدەكان وەكو ئەسپرین كاردەكەن بەوەی كە نایەڵن تۆپەڵی خوێنی مەییو لەناو خوێنبەردا دروست بێت و كۆلیستیرۆل لەسەر ناوپۆشی دیواری خوێنبەردا بنیشتێت یان بچەقێت. جگە لەمانە، مادە فلاڤۆنۆیدەكان ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ دادەبەزێنن و دژی سكچوونیش كاردەكەن. بەگشتی واباشە كە رۆژانە نزیكەی 30 گرام شوكولاتەی تاریك هەڵبژێریت كە رێژەی كاكاو تێیدا لە 70% كەمتر نەبێت.