یەكێك لە كاریگەرییە خراپەكانی هەوای سپلیت و هەوای گەرم بریتییە لە وشكبوونی پێست، وشكبوونی پێست Skin dryness زیان بە پێست دەگەیەنێت بەوەی كە زوو دوچاری هەستەوەری قڵیشان دەبێت، هەروەها كرداری لۆچبوونی پێست تاودەدات. وشكبوونی پێست حاڵەتێكی باوە كە زیاتر لەبەر بەركەوتنی پێست بە هەوای سارد لە دەرەوە و بە هەوای گەرمی ناو ماڵ و ژوورەكان كە دەبنە ئەگەری كەمبوونەوەی ڕێژەی شێداری ڕوودەدات. سپلیت و تەزووی هەوای گەرم پتر پێست وشك دەكات، دەرەنجام پێست لەبەر ونكردنی تەڕێتی دەقڵیشێت و تفر فڕێ دەدات، پاشان سوور هەڵدەگەڕێت و دەسووتێتەوە و خورشت پەیدا دەكات. زوو زوو خۆشووشتن بەتایبەتی بە سابوونی بەهێز هۆكارێكی ترە بۆ وشكبوونی پێست، هەروەها ئەكزیما Eczema یان هەستەوەری پێست بە هۆكارێكی تر دادەنرێت. بۆ خۆپاراستن لە وشكبوونی پێست پەیڕەوی چەند خاڵێك بكە وەكو: ڕۆژانە خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو كە لە 8 پەرداخ كەمتر نەبێت، مانەوە بۆ ماوەیەكی كورت لە گەرماودا، ئاوی زۆر گەرم بەكارمەهێنە، كەمترین سابوون بەكاربێنە بەتایبەتی بۆ دەموچاو و بن كەوش و ناوگەڵ، پێست بە تەواوی و بە نەرمی وشك كەرەوە، بەكارهێنانی ماددەی شێداركەرەوەی پێست لەپاش گەرماودا، ئامێری زیادكردنی شێداری هەوا Humidifier بەكاربێنە ئەگەر هەوای ژوورت وشك بێت. ئەگەر ئەم هەنگاوانە بێ سوود بوون، پێویست بە چارەسەری پزیشكی دەكات بەتایبەتی ئەگەر هەستت بە خورشت و قڵیشانی پێست كرد.