نەخۆشی ئەلزهایمەر Alzheimer’s disease نەخۆشییەكی پەرەسەندووی مێشكە كە نیشانە سەرەكییەكەی بریتییە لە لاوازبوونی بیر Dementia، پاشان شێوان یان تێكچوون لە بڕیار و پلاندانان و لەوانەیە هەتا گرفت لە شێوازی ئاخاوتنیش بگرێتەوە. گەلێك زانای پزیشكی لەگەڵ ئەوەدان كە هۆكاری ئەلزهایمەر جگە لە تەمەن دەگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەی جۆرێكی پرۆتین بە ناوی بیتا ئەمیلۆید Beta-amyloid لە شانەكانی مێشكدا كە دەبێتە ئەگەری مردنی دەمارەخانەكان. ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزهایمەر لەپاش تەمەنی 70 ساڵیدا بە ڕێژەی 10% زیاد دەكات، هەروەها ئەگەری تووشبوون لەپاش تەمەنی 85 ساڵیدا دەگاتە نزیكەی 50%. بەهەرحاڵ، نەخۆشی ئەلزهایمەر هەرگیز بەشێكی ئاسایی یان حەتمی نییە لە پیربوونی سروشتی، بۆ نموونە گەلێك كەس تەمەنی دەگاتە سەرووی 100 ساڵ بێ ئەوەی كە تووشی ئەلزهایمەر بێت. ئەو هۆكارنەی كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزهایمەر زیاتر دەكەن بریتین لە: بەساڵاچوون لەپاش تەمەنی 70 ساڵ، بوونی مەیلی زگماكی، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشی شەكرە، نەخۆشی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل، هەموو تووشبووێك بە مەنگۆلیزم لەپاش تەمەنی 40 ساڵیدا تووشی ئەلزهایمەر دەبن، هەروەها ئەو كەسانەی كە خوێندنیان بۆ زیاتر لە 8 ساڵ تەواو نەكردووە ئەگەری تووشبوونیان زیاترە لەو كەسانەی كە قۆناغەكانی خوێندن تەواو دەكەن.