ئایا نەخۆشانی شەكرە دەتوانن دانەوێڵە بخۆن؟

ئایا نەخۆشانی شەكرە دەتوانن دانەوێڵە بخۆن؟
دانەوێڵەكان Grains خۆراكی نیشاستەیی گرنگن، وزەیەكی خۆراكی باش بە لەش دەبەخشن، بەهایەكی خۆراكی باشیان هەیە، ڕێژەیەكی كەمی چەوری لەخۆدەگرن. جۆرەكانی دانەوێڵە بریتین لە: برنج بە هەموو جۆرەكانییەوە، گەنمەكوتا، شوفان Oats ساوار، بڕوش، قەرەخەرمان. جگە لە نیشاستە یان كاربۆهیدرات كە سەرچاوەی سەرەكی وزەی ناو دانەوێڵەیە، پرۆتین و ڕیشاڵ و چەندین جۆری ڤیتامین B و كانزا لە ناو دانەوێڵەدا بە ڕێژەی جیاواز بەدی دەكرێن. هێشتنەوەی دانەوێڵە و برنجی كوڵاو لە پلەی گەرمی ژووردا ئەگەری ئەوەی لێدەكرێت كە میكرۆب لەناویاندا گەشە بكات، گەشەكردنی بەكتریا و پەیداكردنی مادەی ژهراوی لەناو ئەم دانەوێڵەیەدا دەبێتە هۆی ژاراویبوونی خۆراكی بە شێوەی سك ئێشە و سكچوون و ڕشانەوە. بە گەرمكردنەوەی ئەو دانەوێڵەیە، ئەگەر بەكتریا لەناوبچێت، بەڵام ژەهری میكرۆبەكان لەناو ناچێت. سەلامەتترین ڕێگا ئەوەیە كە دانەوێڵە و برنج ڕاستەوخۆ پاش كوڵاندن بخورێت، ئینجا پاش ساردبوونەوە تەنیا لە ماوەی یەك كاتژمێردا بیخەرە ناو سەلاجەوە تا ئەو كاتەی كە گەرمی دەكەیتەوە یان بە ساردی دەیخۆیت. برنج یان دانەوێڵەی كوڵاو كە تەنیا شەوێك لە پلەی گەرمی ژووردا مابێتەوە هەرگیز بۆ خواردن سەلامەت نییە. لەناو سەلاجەشدا بە مەرجێك سەلاجەكەت بەردەوام كاربكات برنج و دانەوێڵەی كوڵاو تەنیا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بە سەلامەتی دەمێننەوە و بۆ خواردن دەشێن، پاش تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ دەبێ فڕێبدرێت. نەخۆشانی شەكرە دەتوانن كە دانەوێڵە بە ڕێژەیەكی كەم بخۆن بە مەرجێك دانەوێڵەی تەواو Whole grains هەڵبژێرن واتە ساف نەكرابێت، دانەوێڵەی تەواو بە ڕێژە بەرزەكەی ڕیشاڵ و ماددە خۆراكییە گرنگەكان بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە و گونجاوە بۆ نەخۆشانی شەكرە بەوەی كە یارمەتی جێگیربوونی ئاستی شەكری خوێن دەدات.
Top