كامیان هەڵدەبژێریت؟

كامیان هەڵدەبژێریت؟
ڕاستە كە خۆراك زۆر گرنگە بۆ بەردەوامبوونی ژیان، بەڵام ئەمەش بزانە كە جۆری خۆراك ڕۆڵێكی گەورەی هەیە لە تووشبوون و خۆپاراستن لە چەندین نەخۆشی درێژخایەن و كوشندە. ئایا دەزانی كە تەنیا بە هەڵبژاردنی خۆراكێكی باڵانس و تەندروستییانە بە ڕێژەی زێتر لە 80% خۆت لە زۆربەی نەخۆشییەكان بپارێزیت. مەسەلەكە بە سادەیی تا ڕادەیەكی زۆر باش دێتە ئەنجام بە دووركەوتنەوە لە هەموو نەرێتە ناتەندروستییانەكانی پەیوەست بە خۆراك یان خۆراكی خراپ و نزیكبوونەوە لە لایەنە باشەكان و جۆرە باشەكانی خۆراك یان خۆراكی باش. نەریتە خراپەكانی پەیوەست بە خۆراك بریتین لە: زیاد خواردنی شەكر یان شیرینی بەتایبەتی شیرینی دەستكرد، زیاد خواردنی چەوری بەتایبەتی چەورییە تێرەكان Saturated fats و چەورییە نێوەندەكان Trans fats، زیاد خواردنی خۆراكی خێرا Fast foods كە ڕێژەیەكی بەرزی چەورییە خراپەكان لەخۆدەگرن، زیاد خواردنەوەی نوشابە گازدارەكان و شیرە دەستكردەكانی میوە یان شەربەتەكان، زیاد خواردنی خۆراكی قوتووبەند، زیاد ئامادەكردنی خۆراك بە سووركردنەوەی لەناو ڕۆن و فرنی مایكرۆوێڤ. نەریتە باشەكانی پەیوەست بە خۆراك بریتین لە: خواردنی سەوزە و میوەی جۆراوجۆر بەلای كەم ڕۆژانە 5 جار، هەڵبژاردنی شیر و بەرهەمەكانی كە كەم چەور بن، هەڵبژاردنی خۆراكی سروشتی و ئۆرگانیك Organic بەپێی توانا، ئامادەكردنی سەوزە بە كوڵاندن یان بە هەڵمی ئاو، خواردنی كاكڵەكان Nuts وەكو گوێز و فستق و باوی یان كازو، خواردنی ماسی بەلای كەم هەفتانە 2 جار، بەكارهێنانی زەیتی ڕووەكی بەتایبەتی زەیتی زەیتوون لەجیاتی چەورییەكانی تر، بەڵام بە ڕێژەیەكی كەم، بەكارهێنانی بەهارات Spices لەجیاتی چەوری بۆ زیادكردنی چێژی خۆراك.
Top