هەرگیز مەرج نییە كە ئەو خۆراكەی بۆن و چێژی خۆشە و شێوە و ڕەنگی تەواوە لەلایەنی تەندروستییەوە خۆراكێكی سەلامەت بێت. هەرگیز خۆراك تام مەكە بۆ ئەوەی كە بزانیت تا چەند ئەم خۆراكە بە بەكتریا ئالودە بووە یان نا. بەكتریای ناو خۆراك تەنیا لەوڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ساڵانە 76 ملیۆن كەس دوچاری نەخۆشی دەكات كە نزیكەی 5000 قوربانی لێدەكەوێتەوە. باشترین ڕێگا بۆ پاراستنی خۆراكی خاو یان خۆراكی پوختەكراو و لێنراو بریتییە لەساردكردنی Chilling خۆراك لە سەلاجە یان لەناو فریزەردا. بەكتریا لەدەوروبەرێكی خۆراكیی شێدار و لەپلەی گەرمی نێوان 4.4-60 پلەی سەدی واتە 40-140پلەی فەهرەنهایت لەماوەی تەنیا دوو كاتژمێردا بەڕێژەیەكی یەكجار زۆر و ترسناك گەشە دەكات و ژمارەی زیاد دەكات. هەڵگرتنی خۆراك لەناو سەلاجەدا گەشە یان زۆربوونی بەكتریا كز دەكات یان دوادەخات. تەنیا بەكوڵاندنی خۆراك تا سەرووی 60 پلەی سەدی واتە 140پلەی فەهرەنهایت ئینجا بەكتریا لەناودەچێت. بەكتریا لەهەندێك خۆراكدا زیاتر و زووتر گەشە دەكات، بۆ نموونە گۆشت، پەڵەوڕ، خۆراكی دەریا، هێلكە، ئەلبان، دانەوێڵە، بەروبوومە پاقلەمەنییەكان. پلەی گەرمی ناو سەلاجە لەنێوان سفر-4.4 پلەی سەدی واتە 32-40 فەهرنهایت بهێڵەوە، بۆ ئەم مەبەستە گەرماپێوی تایبەت بەكاربێنە. بڕێكی زۆری خۆراك لەناو سەلاجەدا هەڵمەگرە، با بۆشایی لەنێوان خۆراكەكاندا هەبێت بۆ ئەوەی هەموویان وەكو یەك سارد بن. هەر دوو هەفتە جارێك خۆراكی ناو سەلاجەكەت بگۆڕە و پاكی كەرەوە.