گرنگی ڕیشاڵی ڕووەكی

گرنگی ڕیشاڵی ڕووەكی
ڕیشاڵی ڕووەكی یان ڕیشاڵی خۆراكی Dietary Fiberكە لەزۆربەی دانەویڵە و پاقلەمەنی و سەوزە و میوەكاندا هەیە، ڕۆڵی هەیە لەدواخستنی كرداری هەرسكردنی خۆراكەكان لەگەدەدا، بەمەشەوە خۆراك لەگەدەوە بەرە بەرە و كەم كەم بۆ ڕیخۆڵە بەتاڵ دەبێتەوە، بۆیە هەستی برسیبوون لەبەینی ژەمە سەرەكییەكانی خۆراكدا ناهێڵێت. هەروەها بوونی ڕیشاڵی خۆراكی لەگەدە و ڕیخۆڵەدا وا لە لەش دەكات كە پێویستی بەبڕی زیادی هۆرمۆنی ئینسولین نەبێت كە بەهۆرمۆنی قەڵەوبوون ناسراوە، ئەمەش تێكڕای ئاستی شەكری خوێن لەژێر كۆنترۆڵدا دەهێڵێتەوە، بۆیە بوونی بڕێكی باشی ڕیشاڵی ڕووەكی لەخۆراكی ڕۆژانەدا كە بە25- 35 گرام لەڕۆژێكدا بۆ پێگەیشتووان دانراوە گرنگە بۆ خۆپاراستن لەتووشبوون بەنەخۆشی شەكرە. هەروەها بوونی بڕێكی باشی ڕیشاڵی لەكۆئەندامی هەرسدا ڕێگا دەگرێت لەبەردەم هەڵمژینی نزیكەی 5%ی مادە چەورییەكان و یارمەتی جوولەی ڕیخۆڵە دەدات و ڕێگرە لەبەردەم ڕوودانی قەبزی لەبەر ئەوەی كە ڕیشاڵی خۆراكی ڕێژەیەكی زۆری ئاو لەخۆ دەگرێت. هەروەها كۆئەندامی هەرس دەپارێزێت لەشێرپەنجە و تووشبوون بەهەوكردنی ڕیخۆڵە و قۆڵۆن. جگە لەمانە، ڕیشاڵی خۆراكی چونكە هیچ وزەی تێدا نییە و قەبارە وەردەگرێت پاش هەڵمژینی ئاو، بۆیە قەبارەیەكی زۆری گەدەش داگیر دەكات و مرۆڤ زوو هەست بەتێربوون دەكات، بۆیە زیاد خواردنی ڕیشاڵەی ڕووەكی لەزیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی دەمانپارێزێت. ڕیشاڵی خۆراكی سوودێكی گرنگی تریشی هەیە بەوەی كە دەبێتە ئەگەری دابەزاندنی كۆلیستیرۆلی خراپ لەخوێندا كە هۆكارە بۆ تووشبوون بەنەخۆشی ڕەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ.
Top