گرنگی فلۆراید بۆ ددان و تەندروستی

گرنگی فلۆراید بۆ ددان و تەندروستی
فلۆر، فلۆراید یان فلۆرین Fluorine بەشێوەیەكی سروشتی لەئاودا هەیە، لەگەڵ ئەمەشدا لەپرۆژەكانی ئاودا لەبەر گرنگی بۆ تەندروستی فلۆراید بەڕێژەیەكی گونجاو دەخرێتە ناو ئاوی خواردنەوە كە دەكاتە یەك لەهەر ملیۆنێك بەش 1.0 ppm كە ئەویش دەكاتە 1 ملگم لەهەر لیترێكی ئاودا. بەفلۆركردنی ئاو Water fluoridation كردارێكی سەلامەتە، هەرزانە، هەروەها كاریگەرە بۆ خۆپاراستن لەكلۆربوونی ددانەكان، ئەمە پتر لە50 ساڵە كە لەئەمریكادا سەركەوتووانە ئاو بەفلۆر دەكرێت. منداڵ و گەورە سوود لەم بڕە بچووكەی فلۆراید وەردەگرن بۆ پاراستنی ددانەكان لەدروستبوونی چاڵ و كلۆربوون، بەڵام لەگەڵ بەكارهێنانی ئەو جۆرانەی مەعجونی ددانشتن كە فلۆراید لەخۆدەگرن بەلای كەم ڕۆژانە دووجار ئەوا پاراستنی ددانەكان مسۆگەرتر دەبێت. ئەو كەسانەی كە ئەگەری كلۆربوونی ددانیان زیاتر لەكەسانی تر لێدەكرێت، پێویستە كە بڕی زیاتر فلۆراید وەربگرن جا بەشێوەی دەنك یان غەرغەرە یان جێلی ددان كە فلۆراید لەخۆدەگرن. لەلایەكی ترەوە، زیادبوونی فلۆراید لەلەشدا لەوانەیە كە زیان بەددانەكان بگەیەنێت بەتایبەتی لەمنداڵان كە دەبێتە ئەگەری فلۆربوونی چینی مینای ددانەكان Enamel fluorosis كە بریتییە لەپەیدابوونی پنتی سپی وەكو تەباشیر لەسەر چینی مینای ددانەكان. بۆ ڕێگرتن لەزیادبوونی فلۆر، واباشترە كە شووشتنی ددان بەمەعجونی فلۆردار ڕۆژانە لەدوو جار زیاتر نەبێت بەتایبەتی لەمنداڵانی تەمەن ژێر 6 ساڵدا. بەكارهێنانی ئاوی فلۆركراو و بەرهەمە فلۆردارەكانی ددان سوودی زۆری هەیە بۆ پارستنی تەندروستی دەم و درێژكردنی تەمەنی ددانە هەمیشەییەكان.
Top