یەكێك لەڕێگا كاراكان بۆ كۆنترۆڵكردن یان سووككردنی سترێس بریتییە لەئەنجامدانی مەشقی فیزیكی Physical activity كە هانی شانەكانی مێشك دەدات بۆ زیاتر دەردانی ماددە ئیندۆرفینەكانEndorphins، ئەو ماددانە هەستی خۆشی دەبەخشن و دوورت دەكەنەوە لەگوشار و نیگەرانییەكانی ڕۆژانەت. هەموو كەسێك ئەو ڕاستییە دەزانێت كە مەشقی وەرزشی سوودی زۆری بۆ تەندروستی دەروونی و جەستەیی هەیە و هیچ جێگرەوەیەكی نییە، بەڵام گەلێك كەس لەبەر مەشغولی و سەرقاڵی بەشتی تر و ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانە و پاشان لەبەر هیلاكبوون هەرگیز ناتوانن كە مەشقی وەرزشی ئەنجام بدەن. ئەگەر تۆ وەرزشوان نیت و هەرگیز مەشقی وەرزشی ئەنجام نادەیت، ئەوا هێشتا دەتوانیت كە بەمەشقێكی كەم دەستپێبكەیت هەر بەمەبەستی سووككردنی سترێسی ڕۆژانەت. لەڕاستیدا هەر جۆرێكی مەشقی وەرزشی وەكو مەشقی هەوایی یان هەڵگرتنی قورسایی هەمان سوودیان هەیە بۆ سووككردنی سترێس. ئەمەش ڕاستییەكی زانستی سەلمێنراوە كە مەشقی وەرزشی مەزاج باشتر دەكات و هەستی باوڕ بەخۆبوون پتەوتر دەكاتن هەروەها نیشانەكانی خەمۆكی و پەستی سووك دەكات و نووستن خۆشتر و باشتر دەكات.