یەك زەردێنەی هێلكە 200 ملگم كۆلیسترۆلی تێدایە

یەك زەردێنەی هێلكە 200 ملگم كۆلیسترۆلی تێدایە
دەستەواژەی ((خۆراكی بێ كۆلیستیرۆل)) كە لەپاش ساڵانی نەوەدەكان بەزەقی سەری هەڵدا ناوبانگێكی خراپی خستە پاڵ هێلكە، چونكە ئەمە ڕاستییەكی پزیشكی چەسپاوە كە ڕێژەی بەرزی كۆلیسیترۆل هۆكارە بۆ نەخۆشی دڵ. لێكۆڵینەوەكان ئەمەیان ڕوونكردۆتەوە كە هەر جۆرە خۆراكێكی دەوڵەمەند بەكۆلیستیرۆل دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل لەخوێندا، زەردێنەی هێلكەش یەكێكە لەم خۆراكانە. هێلكە Eggs ئەگەرچی خۆراكێكی تەواوە و گەلێك ماددەی خۆراكی گرنگ لەپرۆتین و ڤیتامینەكان و كانزایەكان لەخۆدەگرێت، بەڵام زەردێنەی هێلكە بڕێكی زۆری لەكۆلیستیرۆل تێدایە كە پترە لە200 ملگم لە هێلكەیەكی مام ناوەندیدا، كەواتە لەڕووی زانستییەوە خواردنی هێلكە ئاستی كۆلیستیرۆل بەرزدەكاتەوە. بۆ خۆپاراستن، باشترە كە ڕۆژانە كەمتر لە300 ملگم كۆلیستیرۆل لەخۆراكتدا هەبێت. ئەوانەی كە نەخۆشی شەكرە یان دڵیان هەیە نابێ ڕۆژانە پتر لە200 ملگم كۆلیستیرۆل لەخۆراكدا وەربگرن، بۆیە لەكاتی خواردنی یەك هێلكە ڕۆژانە دەبێ هیچ خواردنێكی دیكە نەخورێت كە كۆلیستیرۆلی تێدابێت یانیش دەتوانیت تەنیا سپێنەی هێلكە بەسەربەستی بخۆیت، چونكە هیچ كۆلیستیرۆلی تێدا نییە. ئەوانەی كە كۆلیستیرۆلی بەرزیان هەیە نابێ هەفتانە زێتر لەسێ زەردێنەی هێلكە بخۆن. ئەوانەی كە نەخۆشی دڵیان هەیە نابێ هەفتانە پتر لەدوو زەردێنەی هێلكە بخۆن، دەتوانن سپێنەی هێلكە بەسەربەستی بخۆن و باشترە كە هێلكە بە كوڵاوی بخۆن نەك لەزەیتدا سووربكرێتەوە.
Top