چەندین جۆری سەوزە چێژێكی خۆش و بەهایەكی خۆراكی بەرزیان هەیە. خواردنی سەوزەی جۆراوجۆر ماددە خۆراكییە گرنگەكان دابین دەكات،ل لێرەدا رەنگ رۆڵی هەیە بۆ هەڵبژاردنی جۆرە باشەكانی سەوزە. ئەوەی باشە ئەوەیە كە لە هەموو رەنگەكان تیكەڵ بكەیت سەوز، سەوزی تاریك، زەرد، نارنجی، سوور، سپی..تاد. سەوزە كەسكەكان یان گەڵا تاریكەكانی وەكو سپێناغ، برۆكۆلی، سڵق خاوەن بەهای خۆاراكی بەرزن چونكە ماددەی گرنگ لەخۆدەگرن وەكو: كالسیۆم، بیتا كارۆتین Beta-carotene، ڤیتامین A، ڤیتامین C، كۆمەڵەی ڤیتامین B، ریشاڵ، ماددە دژەئۆكسانەكان. لە سەوزە رەنگ زەرد و نارنجی وەكو گێزەر، كولەكەی هاوینی و زستانی، پەتاتەی شیرین زۆر سوودبەخشن زیاتر لەبەرئەوەی كە رێژەیەكی بەرزی ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرن بەتایبەتی بیتا كارۆتین، هەروها رێژەیەكی بەرزی ڤیتامین A، هەروەها ئەم جۆرانەی سەوزە بە كوڵاندن چێژی شیرین دەبەخشن. سەوزە رەنگ سپییەكانی وەكو قەرنابیت و پەتاتە و گەنمەشامی سەرچاوەی دەوڵەمەندن بۆ پۆتاسیۆم. تەماتە، بیبەری شیرینی سوور و زەرد و سەوز جگە لە پۆتاسیۆم و ڤیتامین A و C، ماددەی دژەئۆكسانی لایكۆپێن Lycopene لەخۆدەگرن كە دژی شێرپەنجەیە.