بۆ كۆنترۆڵكردنی لووتپژان لە ماڵەوە

بۆ كۆنترۆڵكردنی لووتپژان لە ماڵەوە
لووتپژان Epistaxis حاڵەتێكی باوە، لەزۆربەی حاڵەتەكاندا مایەی ناڕەحەتی و نیگەرانییە زیاتر لەوەی كە حاڵەتێكی نەخۆشی ترسناك بێت. لەكاتی تووشبوون بەلووتپژان تا خۆت پیشانی دكتۆر دەدەیت دەتوانیت كە بەچەند هەنگاوێكی سادە خوێنبەربوونەكە كۆنترۆڵ بكەیت، بۆ نموونە دانیشتن بەقیتی و خۆ چەماندنەوە بۆ لای پێشەوە، بەم شێوەیە پەستانی خوێن لەناو خوێنبەرەكانی لووتدا كەم دەبێتەوە و ڕێژەی خوێنبەربوون كەم دەبێتەوە، بەخۆ چەماندنەوەش بۆ لای پێشەوە ئەگەری قووتدانی خوێن نامێنێ كە دەبێتە هۆی سووتانەوەی گەدە. بەدوو پەنجە ئەم لا و ئەولای لووت بۆ ماوەی 5-10 خولەك بگووشە Pinching و بەڕێگای دەم هەناسە وەربگرە. بۆ ڕێگرتن لەدووبارە لووتپژان، دەستكاری لووت مەكە بەمەبەستی پاككردنەوە، هەروەها بۆ ماوەیەكی زۆر سەرت بۆ خوارەوە مەچەمێنەوە، با ئاستی سەرت لەئاستی دڵت بەرزتر بێت. ئەگەر پاش ئەم هەنگاوانە دیسان لووتپژان ڕووبدات، لووت بەتوندی فن كە تاكو لەخوێنی مەییو پاك بێتەوە ئینجا سپرای دژی گیرانی لووت Decongestant بەكاربێنە، پاشان بەدوو پەنجە لووت بگوشە تا خوێنبەربوون بەتەواوی دەوەستێت ئینجا سەردانی دكتۆری تایبەت بەلووت و قوڕگ و گوێ بكە. لەهەندێك حاڵەتی لووتپژاندا سەردانی خێرای دكتۆر پێویستە، بۆ نموونە ئەگەر خوێنبەربوون بۆ ماوەی پتر لە20 خولەك مایەوە یان ئەگەر لووتپژان لەئەنجامی زەبر یان كارەسات یان كەوتن و شكانی لووتدا ڕووبدات.
Top