كاریگەری ئایدز لەسەر پێستدا

كاریگەری ئایدز لەسەر پێستدا
ئایدز AIDS یان لەدەستدانی بەرگری بەدەستهاتوو، نەخۆشییەكی ڤایرۆسی كوشندەیە و هەموو بەشەكانی لەش دەگرێتەوە، پێستیش بەدەر نییە لەكاریگەرییەكانی ڤایرۆسی ئایدز. تووشبووان بەئایدز تا ڕێژەی %92 تووشی نەخۆشی دەبن لەپێستیاندا. گرفتەكانی پێستی پەیوەست بەهەوكردنی HIV جیاوازیان هەیە لەگەڵ نیشانەكانی تایبەت بەنەخۆشیەكانی پێست، هەروەها دەستنیشانكردنیشیان تا ڕاددەیەك ئاسان نییە. هەتا ژمارەی خانەكانی CD4 كەمتر بن، ئەوا زیاتر گرفتی پێستی نائاسایی سەرهەڵدەدەن و چارەسەریشیان زەحمەتتر دەبێت. هەوكردنی چەوریی پێست Seborrhoeic dermatitis باوترین گرفتی پێستە لەئایدزدا. نزیكەی 50-%70ی تووشبووان چەند نیشانەیەكی تیژ دەبینن 2-6 هەفتە لەپاش گەیشتنی ڤایرۆسی ئایدز بەلەش. بەهەرحاڵ تەنیا %25ی ئەم نەخۆشانە نیشانەكانیان ئاوا سەخت دەبن كە وایان لێدەكات بەدوای چارەسەری پزیشكیدا بگەڕێن. بەگشتی نیشانەكان بریتین لە: تا، لەش داهزران، ئازاری جومگە، سەرئێشە، سووتانەوەی قوڕگ، ئاوسانی لیمفە گرێیەكان. ئەگەر ڤایرۆسەكە زوو پەلاماری دەزگای دەمار بدات، ئەوا دەبێتە ئەگەری هەوكردنی پەردەكانی مێشك و هەوكردنی شانەكانی مێشك لەگەڵ هەوكردنی دەمارەكانی دەورووبەر. لە%25ی نەخۆشەكاندا پنتی سوور دەردەكەون لەژێر پێستی بەری دەست و بەری پێیەكان و مەڵاشووی سەرەوەدا. بەشێوەیەكی گشتی نیشانەكانی هەوكردنی تیژ بەڤایرۆسی ئایدز لەخۆیانەوە بەرەو نەمان دەچن لەماوەی 2-3 هەفتەدا.
Top