ئەم ڕاستییە زانستییە سەلمێنراوە كە پێوەندی لەنێوان كەم خەوتن و زیادبوونی كێشی لەشدا هەیە. نووستن كەمتر لە4 كاتژمێر لەماوەی 24 كاتژمێردا دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش بەڕێژەی 70%، هەروەها نووستن بۆ ماوەی 5 كاتژمێر ئەگەری زیادبوونی كێش بەڕێژەی 50% زیاد دەكات، لەكاتێكدا ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش دەگاتە 20% لەو كەسانەی كە كەمتر لە6 كاتژمێر دەخەون. ئەگەرچی لەش بڕێكی كەمی كالۆری لەكاتی نووستندا دەسووتێنێت، بەڵام كەم خەوتنی درێژخایەن كاریگەری دەكاتە سەر چۆنییەتی مامەڵەكردنی مێشك لەگەڵ ئارەزووی خواردندا. كەم نووستن دەبێتە ئەگەری دابەزینی لێپتین Leptin، ئەو پرۆتینەی كە ئارەزووی خواردن دادەمركێنێت، بەمەشەوە كاریگەری دەكاتە سەر توانای مێشك بۆ دیاركردنی كاتی وازهێنان لەخواردن یان كاتی هەستكردن بەتێربوون. لەهەمان كاتیشدا، كەم نووستن دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی گرێهلین Grehlin، ئەو هۆرمۆنەی كە وا لەمرۆڤ دەكات زیاتر بەئارەزووی كراوە بەردەوام بێت لەسەر خواردن. جگە لەمانە، كەم نووستن كاریگەری دەكاتە سەر توانای هەر كەسێك بۆ بڕیاردانێكی تەواو سەبارەت بەجۆر و چەندێتی و چۆنییەتی خواردن كە زۆر جار خۆراكی ناتەندروستییانە دەخۆن بەتایبەتی لەكاتی هەستكردن بەهیلاكی و بێهێزی لەئەنجامی كەم نووستندا، ئەمەش زۆر جار دەبێتە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش.