لەڕاستیدا جیاوازییە بنەڕەتییەكەی نێوان خۆراكی ڕووەكی و خۆراكی ئاژەڵی لەو كاتەدا بەرجەستە دەبێت كە باس لەڕێژەی كانزای ئاسن لەجۆرەكانی خۆراكدا دەكرێت. لەخۆراكە ئاژەڵییەكاندا، ئاسن بەپرۆتینێكەوە بەندە بەناوی هیم Heme، كەچی لەخۆراكە ڕووەكییەكاندا ئاسن بەم پرۆتینەوە بەند نییە Non-heme iron. ڕێژەی هەڵمژینی ئاسنی خۆراكە ئاژەڵییەكان یان ئەو ئاسنەی كە بەپرۆتینی هیمەوە بەندە لەكۆئەندامی هەرسدا دەگاتە نزیكەی7-35%، بەڵام ڕێژەی هەڵمژینی ئاسنی خۆراكە ڕووەكییەكان لەكۆئەندامی هەرسدا كەمترە و دەگاتە تەنیا 2-20%. گەلێك فاكتەر ڕۆڵیانە هەیە لەچەندێتی هەڵمژینی ئاسن لەكۆئەندامی هەرسدا، بۆ نموونە لەش ڕێژەیەكی بەرزتری ئاسن هەڵدەمژێت ئەگەر ڕێژەكەی لە لەشدا كەمی كردبێت، هەروەها ڕێژەی هەڵمژینی ئاسن لەكۆئەندامی هەرسدا كەم دەبێتەوە لەوكاتەی كە ڕێژەكەی لە لەشدا كەم نەبووبێتەوە، هەروەها جۆرەكانی خۆراك و ماددە خۆراكییەكانیش كارییگەری دەكەنە سەر تێكڕای هەڵمژینی كانزای ئاسن لەڕیخۆڵەدا بەتایبەتی ئاسنی خۆراكە ڕووەكییەكان، بۆ نموونە ڤیتامین C یارمەتی هەڵمژینی ئاسن دەدات كەچی پێكهاتەكانی چای ڕێژەی هەڵمژینی ئاسن لەڕیخۆڵەدا كەم دەكەنەوە.