كام پێوانەی پەستانی خوێن بە نەخۆشی دادەنرێت؟

كام پێوانەی پەستانی خوێن بە نەخۆشی دادەنرێت؟
بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن Hypertension واتە بەرزبوونەوەی فشار لەناو خوێنبەرەكاندا. خوێنبەرەكان ئەو لوولە بەهێزانەن كە خوێن لەدڵەوە بۆ هەموو شانە و ئەندامەكانی لەش دەگوازنەوە. بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن مانای گرژییەكی سەختی دەروونی Emotional tension ناگەیەنێت، ئەگەرچی سترێس و گرژی دەروونی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەكی كاتی پەستانی خوێن. بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بەبكوژی بێدەنگ ناوزەد دەكرێت، چونكە هیچ نیشانەیەكی نییە تا ئەو كاتەی كە ئاڵۆزییەكی ئەوتۆ پەیدادەكات كە مەترسی دەخاتە سەر ژیانی تووشبوو. تووشبوو پێویستە كە تا لەژیاندا ماوە بەوردی پابەندی پارێزی خۆراك و بەكارهێنانی دەرمان بێت لەژێر چاودێری نزیكی دكتۆردا. پێوانەی پەستانی خوێن لەكەسێكی ئاسایی و لەشساغدا پێویستە كە لە120/80 میللیمەتر جیوە كەمتر بێت، پەستانی خوێن لەنێوان 120/80 و 139/89 میللیمەتر جیوە واتە بوونی ئەگەر بۆ تووشبوون بەنەخۆشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها پەستانی خوێن پتر لە140/90 میللیمەتر جیوە بەپێوانەیەكی بەرز دادەنرێت و چارەسەری تەواوی پێویستە بەدرێژایی تەمەن بۆ دابەزاندنی بۆ ڕێگرتن لەتووشبوون بەئاڵۆزییەكانی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. پێوانەی سەرەوە Systolic blood pressure واتە بڕی فشار لەناو خوێنبەرەكاندا لەوكاتەی كە ماسوڵكەی دڵ گرژدەبێتەوە و خوێن پەمپ دەكات یان پاڵ دەنێتە ناو خوێنبەرەكان، پێوانەی خوارەوە Diastolic blood pressure واتە بڕی فشار لەناو خوێنبەرەكاندا لەوكاتەی كە ماسوڵكەی دڵ خاودەبێتەوە.
Top