چای Tea بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە، بەڵام كام جۆری چای لەهەموویان زیاتر سوودی تەندروستی هەیە؟ ئایا دەزانی كە لەپاش ئاو، چای زیاتر لەهەموو جۆرە خواردنەوەیەكی تر دەخورێتەوە لەسەرتاسەری جیهاندا؟ ئەوە زێتر لە5000 ساڵە كە چای بەسوپەرفود Superfood ناوزەد دەكرێت چونكە سوودی تەندروستی زۆری هەیە وەكو: پاراستنی دڵ لەنەخۆشی، هاندانی دابەزاندنی كێشی لەش، بەهێزكردنی سستمی بەرگری لەش، خۆپاراستن لەتووشبوون بەشێرپەنجە. جا ئەگەر چایەكەت گەرم یان سارد بێت، ڕەش یان سەوز یان سوور بێت، ئەوا هیچ یەكێكیان بەدەر نین لەسوودە تەندروستییەكان. پۆلیفینۆلەكان Polyphenols گرنگترین ماددە دژەئۆكسانەكانن كە سیفەتی دژی شێرپەنجەیان هەیە بەتایبەتی شێرپەنجەی سوورێنچك، شێرپەنجەی گەدە، شێرپەنجەی پێست، شێرپەنجەی هێلكەدان. لەچەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە ماددە پۆلیفینۆلەكان ئاستی كۆلیستیرۆل دادەبەزێنن و ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشی دڵ كەم دەكەنەوە بەوەی كە ڕێگا لەمەیینی یان تۆپەڵبوونی خوێن دەگرن لەناو خوێنبەرە تاجییەكانی دڵ. كوپێك چای نزیكەی 40 ملگم مادەی كافائین Caffeine لەخۆدەگرێت كە بەبڕی كەم هاندەرە بۆ تەركیز و وریابوونەوە. چای سەوزیش زیاتر لەجۆرەكانی تری چای تر بەماددە پۆلیفینۆلەكان و فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids دەوڵەمەندە بۆیە سوودی تەندروستی زیاتری هەیە، بۆ نموونە ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ لەخوێندا دادەبەزێنێت، دژی بەكتریا كاردەكات و بۆ هەڵامەت و ئەنفلوەنزا سوودبەخشە، سووككردنی شەكەتی دەروونی، هێشتنەوەی پتەوی ئێسكەكان، دواخستنی سەرهەڵدانی سووانی جومگەكان، نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی دەم، كەمكردنەوەی هەوكردن و گرژبوونی قۆڵۆن، پاراستنی جگەر لەمادەی زیانبەخشی وەكو ئەلكهول، سووككردنی نیشانەكانی نەخۆشی پاركینسۆن.