قەبزی Constipation بەوە پێناسە دەكرێت كە جووڵەی ڕیخۆڵە لەهەفتەیەكدا لە3 جار كەمتر بێت یان لەحاڵەتە سەختەكاندا كەمتر لەیەك جار. هۆكاری قەبزی دەگەڕێتەوە بۆ سستبوون لەبەر گرژبوونی دیواری ماسوڵكەیی قۆڵۆندا. هۆكارەكانی تووشبوون بەقەبزی بریتین لە: بەكارهێنانی هەندێك دەرمان وەكو زیانی لابەلا دەبنە هۆی قەبزی، خۆراكی ڕۆژانە كە سەوزە و میوە و ڕیشاڵی كەم تێدابێت لەگەڵ كەم خواردنەوەی ئاو، خراپ بەكارهێنانی ئەو دەرمانانەی كە بۆ چارەسەركردنی قەبزی بەكاردێن Laxatives، نەخۆشی لەبەشەكانی تری لەشدا كە كاریگەری بكاتە سەر جووڵەی ڕیخۆڵە ئەستوورە، گرفت و نەخۆشییە هۆرمۆنییەكان وەكو سستبوونی گلاندی دەرەقی، هەروەها لەكاتی عادەبوون و دووگیانیدا لەبەر بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنەكانی ئیسترۆجین Estrogen و پرۆجیستیرۆن Progesterone، ڕاهێنانی ناڕێكی ڕیخۆڵە Poor bowel habits بۆ چوونە w.c. ئامانج لەچارەسەركردنی قەبزی ئەوەیە كە جووڵەی ڕیخۆڵە هەر 2-3 ڕۆژ جارێك بەئاسانی ڕووبدات،، چارەسەركردن بریتییە لەبەكارهێنانی ڕیشاڵی خۆراكی، دەرمانی ڕەوانی Laxatives سووك یان هاندەر بۆ جووڵەی قۆڵۆن، بەكارهێنانی حۆقنە Enema، شاف یان تەحامیل Suppositories دژی قەبزی، لەكۆتاییشدا نەشتەرگەری بۆ حاڵەتە سەختەكانی قەبزی. پێویستە كە بەكارهێنانی دەرمانی ڕەوانی بەهێز و هاندەر Stimulant laxatives كە بكرێت دوایین هەنگاوی چارەسەركردن و تەنیایە بۆ حاڵەتە سەختەكانی قەبزی، چونكە لەوانەیە كە ببێتە هۆی تێكدانێكی هەمیشەیی قۆڵۆن و قەبزی سەختتر بكات.