ڤیتامین E یان تۆكۆفیرۆل Tocopherol یەكێكە لەو ڤیتامینانەی كە لەچەوریدا دەتوێتەوە، ناسكە بەرانبەر بەهەوا، بۆیە پێوستە كە زەیتە ڕووەكییەكان بەتەواوی لەهەوا بپارێزرێن بەتوندكردنی قەپاغی شووشەكانیان. ئەم ڤیتامینە پێست لەتیشكی سەرووی وەنەوشیەیی دەپارێزێت، دژەئۆكسانێكی بەهێزە و دژی ماددە یان كۆلكە سەربەستەكان كاردەكات، میزڵدان و پرۆستات لەتووشبوون بەشێرپەنجە دەپارێزێت، گرنگە بۆ خۆپاراستن لەنەخۆشی ئەلزهایمەرAlzheimer>s disease . كەمی ڤیتامین E لە لەشدا دەبێتە هۆی گرفت لەكۆئەندامی هەرسدا بەشێوەی بەدهەڵمژینی خۆراك Malabsorption، كەمبوونەوەی هەست یان ئازار یان تەزین و سڕبوون لەباسك و دەست و قاچ و پێیەكاندا لەبەر هەوكردنی دەمارەكانی دەورووبەر، گرفت لەفرمانی جگەر و كیسی زراودا. گرنگترین سەرچاوە دەوڵەمەندەكانی ئەم ڤیتامینە بریتین لە: گەڵاكانی خەردەل، سڵق، تۆوی گوڵەبەڕۆژە، بیبەری شیرین، تەماتە، كیوی، گەڵاكانی توور، سپێناغ، باوی، زەیتوون و زەیتی زەیتوون. لەوانەیە كە ڤیتامین E ڕۆڵی هەبێت لەخۆپاراستن و چارەسەركردنی ئەم نەخۆشییانەدا: زیپكەی گەنجێتی، ڕەقبوونی خوێنبەرەكان، نەخۆشی شەكرە، پەركەم، نەخۆشی بەگەكان(گاوت Gout)،نەزۆكی پیاو، شەقەسەر، شێرپەنجەكانی دەم، شێرپەنجەی مەمك، داڕوشانی جومگەكان، نەخۆشی پاركینسۆن، نەخۆشی سەدەف، هەوكردنی ڕۆماتیزمی جومگەكان، جەڵتە، ئاوی سپی و كزبوونی چاوەكان كە پەیوەستن بەپیربوون، هەروەها ڕەبو. پێویستی ڕۆژانەی ڤیتامین E بۆ مرۆڤی پێگەیشتوو بریتییە لە15 میللیگرام.