هەوكردنی میزڵدان Cystitis زیاتر لەئافرەتاندا بەدی دەكرێت، نزیكەی نیوەی ئافرەتان لەژیانیاندا جارێك یان پتر تووشی دەبن، لەوانەیە كە هۆكاری ئەمەش بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە بۆڕی میز لەئافرەتاندا كورتترە بە بەراورد لەگەڵ درێژی بۆڕی میز لەپیاواندا، ئەمەش ڕێگا بۆ بەكتریا ئاسان دەكات كە بگاتە ناو میزڵدان و هەوكردن پەیدا بكات. لەپیاوە بەساڵاچووەكاندا ئەگەری تووشبوون بەهەوكردنی میزڵدان زیاترە لەبەر گەورەبوونی قەبارەی گلاندی پرۆستات Prostate. نیشانەكانی هەوكردنی میزڵدان بریتین لە: هەستكردن بەسووتانەوە لەكاتی میزكردندا كە باوترین نیشانەی هەوكردنی میزڵدانە، زوو زوو دووبارەبوونەوەی هەستی میزكردن لەگەڵ قەبارەیەكی كەمی میز، تیژبوونی بۆنی میز، لێڵبوونی ڕەنگی میز، هەندێك جاریش سووربوونی ڕەنگی میز لەبەر بەربوونی خوێن لەمیزڵداندا، ئازار لەبەشی خوارەوەی سكدا، لەبەساڵاچوواندا لەوانەیە كە تووشبوو هەست بەبێهێزی بكات، ئەگەر نەخۆش دوچاری لەرز و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بێت واتە هەوكردنەكە بۆ گورچیلەكان هەڵكشاوە. چارەسەركردن بەپێدانی دەرمانی دژە میكرۆب دەستپێدەكات لەگەڵ ڕۆژانە خواردنەوەی بڕێكی زیاتری ئاو، پاشان نیشانەكان لەماوەی چەند ڕۆژێكدا سووك دەبن.