جلی تەسك گرفتی تەندروستی پەیدادەكات

جلی تەسك گرفتی تەندروستی پەیدادەكات
لەبەركردنی جلی تەسك Tight clothes زیان بەتەندروستی دەگەیەنێت لەهەردوو ڕەگەزدا، هەرچەند جلەكان تەسكتر بن هێندە زیانە تەندروستییەكانیش زیاتر دەبن. ئەو گرفتە تەندروستییانەی لەئەنجامی پۆشینی جلی تەسكەوە پەیدا دەبن بریتین لە: هەستكردن بەتەزین یان سڕبوون لەڕانەكاندا، ئەگەری ڕوودانی هەوكردن بە بەكتریان یان كەڕوو بەتایبەتی كەڕووی كاندیدا Candidaلەنێوان ڕانەكاندا لەبەر زیادبوونی پلەی گەرمی و شێداری و كەمی گەیشتنی هەوا كە بەشێوەی سووربوونەوە و سووتانەوە و خورشت خۆی دەنوێنێت، پشت ئێشە بەهۆی زیادبوونی فشار لەسەر دەمارەكاندا، دڵەكزێ لەبەر گەڕانەوەی ترشەڵۆكی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك كە هەندێك جار دەگاتە قوڕگ دەبێتە ئەگەری هەستكردن بەسووتانەوە و ناڕحەتی لەبەر زیادبوونی فشار لەسەر گەدەدا. جگە لەمانە، لەبەركردنی جلی تەسك دەبێتە هۆی كزبوون لەكرداری هەرسكردنی خۆراكدا و دەبێتە هۆی هەستكردن بەسك ئێشە كە بۆ ماوەی 2-3 كاتژمێر پاش ژەمی خۆراك بەردەوام دەبێت، هەورەها لەوانەشە كە ببێتە ئەگەری قەبزی لەبەر كەمبوونەوەی جووڵەی ڕیخۆڵە، یاخەی گورج Tight collar یان كەرەڤاتی(بۆینباغ) توند Tight ties كاریگەری دەكەنە سەر سووڕی خوێن بۆ ناوچەی سەر كە بەشێوەی سەرئێشە و هەستكردن بەسڕبوونی سەر یان تێكچوونی بینین خۆی دەنوێنێت، جلی تەسك فشار دەخاتە سەر سینگ و سییەكان كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی هەڵمژینی گازی ئۆكسجین لەسییەكانەوە كە هەندێك جار دەبێتە ئەگەری لەهۆشچوون Fainting.
Top