ملیۆنەها كەس بەدەست لەرزینی دەستەكانەوە Hand Tremors دەناڵێنن، ئەم كێشەیە بریتییە لە لەرزینی دەستەكان بەشێوەیەكی خۆنەویستانە Involuntary كە هەندێك جار هاوكاتە لەگەڵ لەرزینی سەر و ملدا. هەندێك كەس تەنیا لەژێر بارودۆخی تایبەتدا دوچاری لەرزینی دەستەكان دەبن، بۆ نموونە لەپۆزیشنێكی تایبەت، لەكاتی نووسیندا، لەكاتی خواردندا، لەكاتی ترس و پەستی و هەڵچوون یان تووڕەبووندا، لەكاتی ماندووبوونێكی زۆری جەستەییدا. گەلێك حاڵەت و نەخۆشی دەبنە ئەگەری لەرزینی دەستەكان وەكو: ڕاهاتن لەسەر خواردنەوەی ئەلكهولدا، ژاراویبوونی گلاندی دەرەقی Thyrotoxicosis، نەخۆشی پاركینسۆن Parkinson>s disease، پەستی، ژاراویبوون بەكافائین Caffeinnosis، تۆقین (فۆبیا Phobia)، هەندێك جاریش هیچ هۆكارێك نادۆزرێتەوە. دەست لەرزین بەدۆزینەوە و چارەسەركردنی هۆیەكەی كۆنترۆڵ دەكرێت، بەڵام بۆ ئەو حاڵەتانەی كە هۆكارەكەیان نادیارە، دەتوانن بۆ كۆنترۆڵكردنی لەرزینی دەست پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكەن: كەمكردنەوەی خواردنەوە كافائینییەكانی وەكو چا و قاوە و كۆلا، دووركەوتنەوە لەخواردنەوە ئەلكهولییەكان، ئەنجامدانی مەشقی خاوبوونەوە Relaxation، بەكارهێنانی دەنكی ڤیتامین B6 بەئاگاداری دكتۆر.