خۆراكی سروشتی Natural food سوودی زۆری هەیە، چونكە هیچ ماددەیەكی كیمیایی زیادەی تێنەكراوە و بە هیچ كردارێكی كیمیایی و فیزیاییدا تێنەپەڕیوە، كەچی خۆراكە دەستكردەكان Processed foods باركراون بە زەیتی هایدرۆجینكراو، رێژەیەكی بەرزی شەكر، شیرینكارە دەستكردەكان Artificial sweeteners، چەورییە نێوەندەكان Trans fats. خۆراكە دەستكردەكان لە لایەنی بەهای خۆراكییەوە لاوازن، پێكهاتە سەرەكییەكانیان بریتین لە: كالۆری بەتاڵ (شەكر)، چەوری، نیشاستە، ئاردی سپی، ئاو، بۆیە و چێژی دەستكرد، چەندین ماددەی كیمیایی تر بۆ پاراستنیان لە تێكچوون و بۆگەنبوون Preservatives. ئەگەر خۆراكی یەكێك بە شێوەیەكی سەرەكی لە خۆراكە دەستكردەكان پێكهاتبێت، لەوانەیە كە تووشی نەخۆشی گەورە بێت وەكو نەخۆشی دڵ، شێرپەنجە، نەخۆشی شەكرە، قەڵەوی. خۆراكە دەستكردەكان جگە لە خۆراكی خێرا، سۆدا، كێك، بسكویت و كراكەرز، ساردەمەنی و سۆفت درینك Soft drinks، هەموو خۆراكە قوتووبەندەكان و فریزكراوەكان و وشككراوەكانیش دەگرێتەوە. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە پێوەندی هەیە لەنێوان خۆراكە دەستكردەكان و تووشبوون بە چەندین حاڵەت و نەخۆشی بۆ نموونە: گرژبوونی قۆڵۆن، دڵەكزێ، شەقەسەر، هەستەوەری، زیادبوونی چالاكی بەدەنی لە منداڵان، رەبو، نەخۆشییەكانی پێست و كۆئەندامی هەناسە، نەخۆشی جگەر.