رەنگی هەڵبژێردراوی لێو بۆ ساڵی تازە

رەنگی هەڵبژێردراوی لێو بۆ ساڵی تازە
هەڵبژاردنی رەنگی لێو هەنگاوی یەكەم و سەرەكیی ماكیاژە، رەنگی لێو بەشێكی تایبەتە لە جوانیی سەر و سیما، چونكە لێو گوزارشت لە جوانیی روخسار دەكات و بە نهێنیی مێینەیی ئافرەتان دادەنرێت، تەنانەت لە جوانی و سەرنجڕاكێشیدا لێو لە پێش چاویش دادەنرێت. لێرەوە تیشك دەخەینە سەر ئەو رەنگانەی كە لە ساڵی نوێدا باو دەبن:
رەنگی شكۆلاتە: رەنگێكی نایابە لە جوانیدا، هەروەها سەرنجڕاكێشە لە شێوەدا، ئەگەرچی ئەو رەنگە لە ساڵانی (1990)ـەكانی سەدەی رابردووەوە باوی نەماوە، بەڵام لە ساڵی 2020 ـەوە مۆدی گەڕایەوە و پسپۆڕانیش بە سەرەكیترین رەنگی لێوی دادەنێن، كە بۆ كاتی چوونە سەركار و دەوام و زانكۆ لە لێو دەدرێت.
رەنگی گێلاس و كەرەز: ئەو رەنگە زیاتر لە وەرزی هاویندا باو بوو، بەڵام ئێستا بۆتە رەنگی لێوی هەموو وەرزەكانی ساڵی، رەنگێكی زەقە و لەسەر لێو كراوەیە، بۆ ئاهەنگ و زەماوەند لە لێو دەدرێت.
رەنگی رەش: بەهۆی دەركەوتنی رەنگی رەش وەك رەنگی سەوز لەسەر لێو ماوەیەك ئەو رەنگە پشتگوێ خرابوو، بەڵام چارەی ئەو كارەش كراوە كە رەنگی رەشی لێو ئەگەر تۆخ بێت و هەر بە رەشی دیار دەبێت، بۆ ئەوانەی خولیای رەنگی رەشن بۆ دەرچوون و شوێنی تایبەت بەكاردەهێنرێت.
رەنگی برۆنزی میتالیكی: لەسەر لێو رەنگێكی زەق و كراوەیە، لە جوانیدا نایابە و شێوازێكی ناسكی هەیە، لەگەڵ زۆربەی رەنگی ماكیاژەكاندا دەگونجێت، بۆ بۆنە و یادەكان بەكاردەهێنرێت.
رەنگی بۆردۆ و سووری تۆخ: گوزارشت لە كەسایەتیی هێمن و بێدەنگی دەكات، دەتوانی بە شێوەیەكی سادە و سەربەخۆ لە هەموو كاتێكدا ئەم رەنگە لە لێوەكانت بدەیت، بە تایبەت لە ماڵ و كاتی پشوودان.
Top