نزیكەی 300 ساڵ پێش هاتنی مەسیح قوتابخانەیەكی فەلسەفی لە ئەسینای كۆن دامەزرا، لەسەر دەستی فەیلەسووف ئێپیكۆر. خەڵك لە بارەی رێبازەكەیەوە دەڵێن: خۆی و قوتابییەكانی لە باخچەیەكدا كۆدەبوونەوە، لەبەر ئەوە پێیان دەگوترێت « فەیلەسووفەكانی باخچە « یا ئێپیكۆرەكان، لەسەر دەرگای چوونە ژوورەوەی ئەو باخچەیەش چەند وشەیەك هەڵكەندرا بوو، وەك «ئەی نامۆكان لێرەدا بەباشی مامەڵە بكەن، لێرە چێژ ترۆپكی باشییە» ئەو رێبازە دۆزینەوەی شێوە ژیانێكی باشتر بوو، هەر بۆیە ئێپیكۆر خاڵێكی گرنگی دووپات دەكردەوە و دەیگوت: «نابێت تێركردنی ئارەزوو كاریگەری لاوەكیمان لەبیر بباتەوە، دەبێت تێركردنی ئارەزووی كاتیی خۆی لەگەڵ ئارەزووی گەورەتر و بەردەوامیش بگۆڕێتەوە». زۆربەی ئەو كەسانەی دەهاتنە باخچەی ئێپیكۆر ئەو كەسانە بوون ترسی دینییان هەبوو، تیۆرەكەی ئەویش دژی خورافیات بەكاردەهات، ئەم جۆرە كەسانە رادەهێنران كە ژیانێكی باشتر بژین. هەر بۆیە زۆر بە سادەیی دەیگوت: «مردن پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، چونكە تاوەكو بژین مردن بوونی نییە، كاتێكیش كە مردین ئەوسا چیتر ئێمە بوونمان نییە». فەلسەفەی ئێپیكۆر رەها كردنەكەی خۆی ناو نابوو چوار گژوگیای چاكبوونەوە، بەم شێوەیە: خوداكان جێگەی ترسمان نین، مردن ئەوە ناهێنێت نیگەرانی ببین، ئاسانە باشی بەدەست بهێنین، ئاسانە بەرامبەر ترس خۆڕاگربین. لەپاش ئێپیكۆر زۆربەی ئێپیكۆرەكان بوونە لایەنگری تێركردنی ئارەزووەكانیان و دروشمەكەشیان بوو بەوەی (لە كاتی ئێستادا بژی).
نووسینی: رۆژگار خالید