زەوی بەر لە 200 ملیۆن ساڵ

زەوی بەر لە 200 ملیۆن ساڵ
تەمەنی زەوی پتر لە چوارهەزار و پێنج سەد ملیۆن ساڵە، مێژووی بە بەردبووی كۆنترین مرۆڤی سەرەتایی دەگەڕێتە بۆ تەنیا چەند ملیۆن ساڵێك، بەڵام ژیان پتر لە سێسەد ملیۆن ساڵە لەسەر زەوی سەری هەڵداوە، بەپێی لێكۆڵینەوە جیۆلۆجیەكان و مێژووی بەبەردبووەكان پشتڕاست كراوەتەوە كە بەر لە 200 ملیۆن ساڵ هەموو وشكایی زەوی لە یەك كیشوەری زەبەلاح پێك هاتبوو كە ئێستا زانا و زەویناسەكان ناویان ناوە (پەنگیا)، لە دوای ئەوە بەهۆی جووڵەی (تەكتۆن)ەكان واتە چینە رەقەكانی توێكڵی گۆی زەوی بە تێپەڕبوونی كات و دوای دەیەها ملیۆن ساڵ هەموو كیشوەرەكانی ئێستا دروستبوون، هەروەها لەو كاتەدا یەك زەریا هەبوو كە پتر لە 70% ی زەوی داپۆشیبوو و ئێستا ناویان لێناوە (پانتاڵاسا) واتە زەریای پاسیفیك (هێمن)ی گەورە، ئەو كاتە گۆی زەوی خێراتر بەدەوری خۆیدا دەسووڕایەوە و درێژیی شەو و رۆژێكی ئەو كاتە نزیكەی 23 كاتژمێری ئێستا بووە، ئەویش لەبەر ئەوەی سووڕانەوەی گۆی زەوی بەدەوری خۆی وردە وردە لە كەمبوونەوەدایە و ئێستا بووەتە 24 كاتژمێر، لەو كاتەشدا داینەسۆرەكان و گیانەوەرە خوێن ساردەكان سەر ڕووی كیشوەری (پانگیا) یان داپۆشیبوو، زۆربەی جۆرەكانی ئەو گیانەوەر و مێروو و درەختانەی ئەو كاتە ئێستا نەماون و تووشی لەناوچوون بوون، دەكرێت بڵێین 99%ی ئەو جۆرە زیندەوەرانەی ئەو كاتە هەبوون لەسەر رووی زەوی ئێستا نەماون و لەناوچوون، ئەو كاتە زۆر بە ئاسانی پۆل پۆل جۆرەكانی داینەسۆرەكان لە هەموو شوێنێك لە قەبارە بچووك كە لە مرۆڤ بچووكتر بوون بۆ گەورەترین جۆر وەكو (تیراسۆر) كە گەورەترین گیاندار بووە لەسەر زەوی ژیاون، هەروەها گوڵ نەبووە و هیچ گژو گیا و درەختێك لە رێگەی گوڵكردنەوە زۆر نەبووە. ئەو سەردەمە رووی گۆی زەوی بە تەواوی جیاواز بووە، ئەو چیایانەی كە ئێستا هەن دروست نەبووبوون، بەگشتی ئاو و هەوا گەرمتر بووە و بڕی ئەو بەفرەی هەبووە زۆر كەمتر بووە لە سەردەمە بەفرینییەكان كە زۆربەی گۆی زەوی بە بەفر دادەپۆشرابوون. لە ناو زەریای (پانتاڵاسا)یش جۆرەها گیانداری ئاویی (گەورە و بچووك) ژیاون كە هەندێكیان گەلێك لە ماسی (قرش)ی ئێستا دڕندەتر بوون، هەروەها بەپێی لێكۆڵینەوە بەردینییەكان دەركەوتووە ئەو كاتەش جۆرەها ڤایرۆس و بەكتریا هەبوون.
Top