گەورەترین مزگەوتەكانی كوردستان

گەورەترین مزگەوتەكانی كوردستان
لە مانگی رەمەزاندا، رۆژوانان و موسڵمانان زیاتر روو لە ماڵەكانی خوا دەكەن، بە نزا و پاڕانەوە و نوێژەكانیان، مزگەوتەكان قەرەباڵغ و پڕ خەڵك دەبێ، ئیدی هەر یەكە بەرەو یەكێك لە مزگەوتەكان دەچێ، لە شاری هەولێر دوو گەورەترین مزگەوت هەن، هەردووكیان بە گەورەترین مزگەوتەكانی كوردستان دادەنرێن، یەكێك لەو مزگەوتانە كە بە مزگەوتی (جەلیل خەیات)ە ناسراوە. ئەو مزگەوتە ماوەی (10) ساڵی خایاندووە تا دروست كراوە، پرۆژەی دەستپێكی لە ساڵی (1997) بووە و لە ساڵی (2007) تەواو بووە، نەخش و نیگەراكانی ئەو مزگەوتە بۆ سەردەمی عەباسی و ئەمەوی و فاتمییەكان دەگەڕێتەوە، دیزاین و پرۆژەی دروستكردن و نەخش و نیگارەكانی لەلایەن ئەندازایاران و گەورە سەرپەرشتیارانی ناوخۆیی و بیانی كاری لەسەر كراوە. بە یەكێك لە گەورەترین مزگەوتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت و رووبەرەكەی دەگاتە (15000) مەتر دووجا، دوو منارەی بەرزی تێدایە، بەرزی هەریەكێكیان دەگاتە (73) مەتر، هەروەها بەرزی گومەزەكەی ناوەڕاستیشی (45) مەتر بەرزە. بە ژوورەوە و دەرەوە جێگەی زیاتر لە (3000) كەس دەبێتەوە و لە رۆژانی وتاری هەینیشدا نزیكەی (2000) كەس لە نێو مزگەوتەكەدا ئامادە دەبن، جگە لە شوێنی وتارخوێندنەوە و نوێژكردن، دوو هۆڵی گەورەشی تێدایە كە بۆ بۆنە و یادە ئایینیەكان تەرخان كراون وەك: پرسە و خوێندنەوەی مەولود نامە.
Top