جار جارە خانمان، بەهۆی هەڵەی ماكیاژەوە جوانییان لە دەست دەدەن و لەلایەن هاوڕێیان و دەستە خوشكانیان تووشی رەخنە و توانج دەبنەوە لەوەی بە ماكیاژ جوانییان تێكداوە، بۆ ئەوەی تۆی خانمیش لەو كێشە و گرفتە بە دوور بیت، دەبێ ئاگاداری شێوازی ماكیاژ كردنەكەت بیت، ئەگەر زانیاریشت نەبوو، دەتوانی لە كەسانی دیكە بپرسیت، یاخود لە رێگەی پێگە و وێبەكانی جوانكاری زانیاری وەربگریت. دیاترین ئەو هەڵانەی لەلایەن ئافرەتانەوە لە ماكیاژدا دەیكەن، ئەو هەڵانەن: كاتێك دەتەوێ رەنگی ئەساس بۆ رووخسارت بكەیت، رەنگی ئەساس، یان سەرەكی لەگەڵ شێوەت ناگونجێت، بەمەش تەمەن و شێوازت گۆڕانكاری بەسەردا دێ، وەك ئەوەی لە خۆت گەورەتر دەردەكەوێ، لێدانی رەنگی تۆخ و بە بڕێكی زۆر، جوانی چاوانت دەشێوێنێت و جوانیت تێكدەدات. سەبارەت بە برۆش، كاتێك برۆكانت زۆر بەرز و كەوانەیان لە سنووری خۆیان نابن، رووخسارت وا نیشان دەدەن كە تەمەنت گەورەیە و سەرووی چاویشت بە بۆشایی دەردەكەوێت، ئاگاداری رەنگی برۆكانیشت بە، كاتێك لەگەڵ رەنگی پرچت جیاواز دەبن، دیمەنێكی نا شایستە و بێزاركەریان دەبێت.