ئاوات و هیوای هەموو فێرخواز و قوتابیەكە، لە زانكۆیەك بخوێنێت و لە دواقوناغیشدا بەشداری رێوڕەسمی رۆژی دەرچوون و بەدەستهێنانی بڕوانامەكەی بكات. لەم ماوەیەدا رۆژێك دانراوە بۆ وێنەی دەرچوون، كە جاران قوتابیان لەسەر رەفەیەكی ئاسنین دەوەستان و هەندێكیان بە پێوە دەبوون و هەندێكی دیكەش شانبەشانی مامۆستاكانیان دەوەستان تا وێنەیەك لە رۆژی دەرچوونیان بگرن و ببێتە یادگاری بۆ داهاتوویان، ئەمساڵیش لە زۆربەی زانكۆكانی كوردستان، ئاهەنگ و وێنەی دەرچوونیان ساز كرد. ئەگەرچی رۆژی دەرچووانی گشتی ماوە، لە ئێستادا هەر زانكۆ و كۆلێژێك وێنەی دەرچوونی بۆ قوتابیانی گرتووە، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشوودا، بە شێوازێكی جوانتر خۆشی و شادی خۆیان بە وێنەگرتن دەربڕی قوتابیان هەر یەكە لە شوێن و شێوازێك وێنەیان گرت، هەندێكیان لە پارك و باڵەخانە بەرزەكان و شوێنە جوان و دڵڕفێنەكاندا یادگارییان تۆمار كرد، جوانترین وێنەی دەرچوونی ئەمساڵ پشكی شێر بەر زانكۆی سلێمانی كۆلێژی دەرمانسازی كەوت، كە وێنە و بیرۆكەی وێنەگرتنەكە لەلایەن فۆتۆگرافەر (باوان بابان)ـەوە كاری بۆ كراوە، هەروەها بە كامێرای كانوون گیراوە، هەر بۆیە بە جوانترین شێوازی وێنەی دەرچوون دیاری كراوە.