گەشت و سەیران لە كوردستان

گەشت و سەیران لە كوردستان
كوردستان بە هەزارەها ناوچەی گەشتیاری و سەیران و كوێستانی خۆش دەوڵمەندە، هەر ناوچە و شوێنێكی ئەو خاكە لە سەروبەندی نزیك بوونەوە لە وەرزی بەهاردا، بە سەوزایی و گژ و گیا و گوڵ و گوڵزارەوە دەڕازێتەوە، هەر بۆیە ناوچە شاخاوییەكان و كوێستان و گرد و دۆڵەكانی كوردستان لێرە بە دواوە دەبنە شوێنی گەشت و سەیران، خەڵكیش بۆ بەسەربردنی كاتێكی ناوازە و خۆش رووی تێدەكەن، بۆ ئاشنابوون بە دیمەنە سرووشتییەكانی شاخ و دۆڵی كوردستان، بە مەبەستی دووركەوتنەوە لە جەنجاڵی و مانووبوونی رۆژانە، خەڵكی هەموو شارەكان، لەگەڵ خزم و دۆستانیان بۆ گەشت و سەیران روو لەو شوێنانە دەكەن، یەكێك لە خۆشترین شوێنە گەشتیارییەكان لە كوردستان، بە سەیرانگەی (شێخ توڕاب) ناسراوە، ئەو دەڤەرە گەشتیاریە دەكەوێتە نێوان ناوچەكانی (كڕاوتیە و كەلەكین) لە رۆژئاواشەوە ناوچەی باسك هەیە. ناوچەكە بە ئاو و داری گەورە و سەوزایی دەوڵەمەندە، خەڵكی گوندەكە دەڵێن: ناوی شێخ توڕاب بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە مەرقەدی شێخێكە لە بەرزایی كێوێكی (70) مەتر بەرزی هەیە، شێخەكە ناوی (توڕاب) بووە، هەروەها چەندین مەرقەدی پیاو چاكی دیكەش هەیە وەك: مەرقەدی مامی مەزن و پیاوی درێژ، تەنانەت خەڵكیش بۆ نزا و پاڕانەوە سەردانی ئەو مەرقەدانە دەكەن، لە ئێستاوە خەڵكی بۆ گەشت و سەیران روو لەو ناوچەیە دەكەن، لە كاتێكدا جاران خەڵكی زیاتر روویان لە سەیرانگاكانی: هەنارە و بێستانە و شێرەسووار و تەوسكە و شێخ باییز و چەندین ناوچەی دیكە دەكرد.
Top