وێنەكێشان بێ بەرامبەر!

وێنەكێشان بێ بەرامبەر!
هەندێ لە بەهرەمەندان و خاوەن بیرۆكە و كاری جوان، وەك سەربازی ون رۆڵ دەبینن و بەبێ ئەوەی ناودار بن و بەرچاو بن، لە هەوڵەكانیان سڵ ناكەنەوە و بەردەوام دەبن، كاتێك بەهرەیەكیان هەیە بە هەر چەشنێك بێت خزمەتی وڵاتی خۆیان دەكەن. نموونەی ئەو كچە ئیتاڵییەیە كە بە بێ ئەوەی مووچە و پاداشتێكی هەبێ، لە خۆیەوە بیرۆكەكانی لەسەر دارو دیواری شارەكەی دەنەخشێنێ، ئەو كچە ناوی (ئەلیس پاسكوینی)یە، لە شاری لازیۆی ئیتاڵیا دەژی، تەمەنی (25) ساڵە، بەهرەی وێنەكێشانی لە منداڵییەوە هەبووە، بەڵام لەو بوارەدا نابێتە كەسێكی بەناوبانگ، خوێندنی كارگێڕی تەواو دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا حەز و ئارەزووی بۆ وێنەكێشان فەرامۆش نەكردووه و زوو زوو وێنەیەك دەكێشێ، تا گەیشتە ئەو بیرۆكەیەی كە بە خۆڕایی و لە خۆیەوە وێنەی جوان و دڵگیر لە شوێنە گشتییەكانی شارەكەی بكێشێ، تا بە بەرچاوی هەمووانەوە ببێتە تابلۆیەكی نایاب، تا ئێستا نزیكەی (150) وێنەی جۆراوجۆری لە سەر دیوار و شەقامی شارەكەی وێنا كردووە، خەڵكی شارەكەش كە ئەو وێنانە دەبینن، دەزانن وێنەكانی ئەلیسە و هەر بۆیە لاریان نییە لەسەر وێنەكێشان لەسەر دار و دیواری ماڵ و باڵەخانەكانیان.
Top