لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و نەمانی ئەو سەرما و سۆڵەی زستان، كە بەرەو وەرزی بەهار دەچین، خۆ ناكرێ هەمان ئەو جل و بەرگانەی لە رۆژانی سەرما و سۆڵەدا لەبەرت دەكرد، لە رۆژانی ساماڵ و خۆشدا لەبەری بكەیت. بۆ ئەو مەبەستە دەتوانی جلی دیكە لەبەر بكەیت، كە گەرمیشت بكاتەوە ومۆدێكی نایاب و جوانیش بێت، (بلووز – Pullover) یەكێكە لەو جلە گونجاوانەی لە رۆژانی ئاسایی دەتوانی لەبەری بكەیت، كە هەم نەرم ونۆڵە و هەمیش لە جوانیدا ناسك و رازاوەیە، بلووز، لەگەڵ هەموو جلێكی خوارەوە لەبەر دەكرێت، واتا لەگەڵ تەنوورە و پانتۆڵ و جینز، شێوازەكانی بلووز لە دوو شێوەی سەرەكی پێكدێت، یەكەمیان: بلووزی داخراو، واتە ئەوانەی بەبێ دوگمە و بەشی پێشەوەیان داخراوە، زیاتر لەگەڵ قەمیسێك لە ژێرەوە لەبەر دەكرێن، دووەمیشیان: بلووزی كراوەیە، كە بەشی پێشەوەی كراوەیە، هەندێكیان بە دوگمە و هەندێكی دیكەش بە زنجیر و بەشێكی دیكەشیان سادەن، دەتوانی لەگەڵ بۆدیەك یان كراسێك لە ژێرەوە ئەو شێوازە لەبەر بكەیت، لە بارەی رەنگ و نەخشەوە، دەتوانی هەر شێوازێك بە دڵ و خواستی بێت هەڵیبژێریت، بەڵام مەرجە رەنگی بلووز لەگەڵ رەنگی جلی دیكە یان لەگەڵ ئێكسسوارەكان شیك و گونجاو بێت.