پۆشاكی بۆنە و یادەكان بە كارامەیی هەڵبژێرە

پۆشاكی بۆنە و یادەكان بە كارامەیی هەڵبژێرە
كاتێك لەلایەن دەستە خوشك و هاوڕێكانت داوەتی بۆن و یادێكی شەوانە و تایبەت دەكرێت، هەندێ جار ئەو بۆنانە لە شوێنی داخراو وەك ماڵ و هۆڵ دەبن، لێرەدا پێویست ناكات جلێكی فەرمی وەك جلی كوردی، یان دەستە جلێكی تەواو لەبەر بكەیت، بەڵكو تەنیا پێویستت بە جلێكی سادە و ناسكە، تاوەكو لە نێو كچانی بۆنەكەدا وەك ئەستێرەیەكی جوان بدرەوشێتەوە، ئەو زانیارییانەی خوارەوە پێكهاتەی ئەو جلەیە كە لە بۆنە تایبەتەكان وەك: یادی لەدایكبوون و ئاهەنگی بچووك و سەری ساڵ و رۆژانی تایبەت لەبەر دەكرێن:
- دیزاینەری جلی بۆنە و ئاهەنگ (رۆبێرتۆ كاڤاڵی - Roberto Cavalli) رایوایە پێچەوانەی مۆدی دەرەوە، كە جلی رەنگ تۆخ و تەسكە، دەبێ لە بۆنە و یادەكان بە مۆدەی خۆت پۆشاك لەبەربكەیت، بۆیە ئەگەر جینزێكی قوماش، یان پانتۆڵێكی قوماش لە رەنگی رەش و شین و نیلی، هەروەها بلوزێكی گەورە و كراوە لە رەنگی بێجی و قاوەیی و شینت لەبەر بێت، مۆدێكی ناسك و نایاب دەردەچێ، تەنانەت بەم جلانەوە سرووشت و جوانی ئاسایی خۆت دەردەكەوێت بەم چەشنەش شۆخ و شەنگیت لە بەرچاوی هەمووان دەبێت.
- گرنگە تەسریحەی پرچت، بە شێوەیەكی ئاسایی ببەستیت و نەوەك ئەوەندە گرنگی پێبدەیت، كە تەنیا سەرنجی قژت بدەن و روخسارت فەرامۆش بكەن، بۆیە تەسریحەیەكی هەڵگیراو، یان بەسەر شانەكانتەوە خاو بكرێتەوە، مۆدێكی نایابی دەبێـت.
- جەنتای دەستت ئەگەر لەو شوێنانەدا بچووك بێت، هەرگیز بەرچاو ناكەوێ، بۆیە پێویستە جانتایەكی گەورەت بە دەستەوە بێت، (تۆری پۆش) و (كڵتش) ئەو جۆرە جانتایەیە كە لە رەنگی تۆخ و زەقن، بۆ بۆنە و یادەكان تەرخان كراون و تۆش تا زیاتر سەرنجی هەمووان رابكێشیت، با جانتایەكی گەورەت لە دەست بێت، ماكیاژێكی سادەش بكە و هەروەها خشڵ و ئێكسسواری كەم بەكاربهێنە، تەنیا ملوانكەیەكی ناسك جێگەی هەموو ئێكسسوارەكان دەگرێتەوە.
- كاتێك زانیت شوێنی بۆنە و یادەكە دەرەوەیە، یان لە هۆڵ و شوێنێكی كراوەیە، كە هەندێ جار شوێنەكە سارد و سڕ دەبێ، بۆیە پێویستت بە چاكێت و كاوت دەبێ، ئەو جلە لەسەرەوەی بلووز لەبەر دەكرێت، كە گەیشتیتە شوێنی بۆنە گێرانەكە، لەبەری بكەوە و دایبنێ، كاوت و چاكێتێكی رەش لە مۆدی (بوربێری-BURBERRY) شێوەت جوان و سەرنجڕاكێش دەكات، لە بیریش مەكە كە لە مۆدی (كیمونۆ) دوور بكەوە، چونكە لەگەڵ بۆنە و یادەكان نەشیاوە و ناگونجێت.
Top