كتێبخانەی گەڕۆك و گەشتیاری لە كوردستان

كتێبخانەی گەڕۆك و گەشتیاری لە كوردستان
بیرۆكەیەكی تازە و مۆدێرنە، ساڵانێكە لە ئەوروپا دەركەوتووە، بۆ هەواداران و خوێنەرانی كتێب و خوێنەرانن، بە تایبەت ئەوانەی لە بوارە جیاجیاكان دەخوێنن و بە دوای سەرچاوەی مەعریفی و زانستی دەگەڕێن، پێویست ناكات كاتی خۆیان بە فیڕۆ بدەن و لە دوای كتێب بگەڕێن، ئیدی كتێبخانەی گەڕۆك و گەشتیاری ئەو كێشەیان بۆ چارەسەر دەكات. كوردستان هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپا، خاوەن كتێبخانەی گەڕۆك و گەشتیارییە، ئەگەرچی پێشتر هەوڵی ئەو كارە دراوە، لەلایەن كتێبخانەی ئەمازۆن لە هەولێر، ئەو بیرۆكەیە پەرەی پێدرا، تا ببێتە كتێبخانەیەكی گەڕۆك و گەشتیاری، بە مەبەستی ئەوەی بچێتە نێو هەموو دەزگا و زانكۆ و شوێنی خوێندنەوە، تەنانەت لە شوێنە گشتییەكانیش لەنگەری گرتووە و خەڵكیش بە پەرۆشەوە چاو لە كتێبەكانی ئەو كتێبخانەیە دەكەن. كتێبخانە گەڕۆكەكە بریتییە لە پاسێكی گەورە و لە ژوورەوە پرە لە كتێبی جۆراوجۆر وەك: كتێبی زانستی و ئەدەبی و رۆشنبیری، تەنانەت بەپێی ئەو شوێنە كتێب دادەنێن كە بۆی دەچێ. بۆ نموونە كاتێك كتێبخانەكە سەردانی زانكۆیەكی پزیشكی دەكات، ئەو رۆژە تەنیا كتێبی پزیشكی و زانستی نمایش دەكرێت، لە ژوورەوە شوێنی دانیشتن و خوێندنەوە هەیە، كە جێگەی (15) كەس دەبێتەوە، جگە لە نێوەندەكەی كە كتێبی لێی نمایش كراوە، لەو كتێبخانە گەڕۆكە جێگەی (4) هەزار كتێب دەبێتەوە، تا ئێستا سەردانی زۆربەی زانكۆ و شوێنی گشتی و گەشتیاری كردووە، وابڕیارە گەشت بۆ هەموو شارەكانی كوردستان بكات، یان كتێبخانەی لەم جۆرە زیاتر بكرێت. سەركەوتن بۆ ئەو كتێبخانەیە بە خۆڕاییە و نرخی كتێبەكانیش بە پێی جۆری كتێبە، كە نرخیان نێوان (4 تا 75) هەزار دینار دەبێ، جگە لە رۆژ، شەوانەش دەچێتە شوێنی گشتی وەك بازاڕ و شوێنی گەشتیاری، ئەو پاسە كتێبخانەیە، بە داواكاری لە ئەڵمانیەوە هاتووە، لەلایەن كۆمپانیای (مان)ی ئەڵمانی دروست كراوە، خەڵكیش لە زۆربەی شار و قەزا و ناحییەكان بە تەلەفۆن و نامەی ئەلیكترۆنی داوای ئەو كتێبخانەیە دەكەن.
Top