شۆپینگی كچان و ئافرەتان

شۆپینگی كچان و ئافرەتان
زۆربەی خانمان خولیای دەرچوون و چوونە بازاڕیان هەیە، زۆربەی دەرچوونەكانیشیان بۆ بازاڕكردن و شت كڕینە، وەك خووییەكی لێهاتووە، ئەگەر لە ماوەی چەند هەفتەیەك دەرنەچن و شت نەكڕن، هەست بە لە دەستدانی شتێك لە ناخیان دەكەن، ئەوەش كێشە و گرفت بۆ زۆربەی خانمان دروست دەكات، كە وێڕای ئەوەی كاتیان دەبات و كارەكانیان دوادەكەوێت، هەروەها باری داراییشیان تێكدەدات، تەنانەت هەندێ جاریش باری دەروونیشیان پەیوەست بەو بازاڕی كردنە دەكەن و ئاڵوودەی دەبن، هەندێ لەوانەی ئەو كارە دەكەن، بەهۆی خووی جل و شت كڕینە، هەندێكی دیكەش بەهۆی نیگەرانی و بێزاری خۆی لە پەنای ئەو دەرچوونانە بشارێتەوە. دەرچوون و بازاڕكردن مەرج نییە تەنیا بۆ كڕین بێت، زۆر جاریش بۆ گۆڕینی كەشێكی خۆشە و هەروەها بینینی هاوڕێیان و كەسانی نزیكە لە دەرەوەی شوێنی كار و ماڵ، بۆیە لە كاتی دەرچوون دەتوانن سوود لەم زانیارییانە وەربگرن:
- بەر لە هەر دەرچوونێك، سەیری تەواوی جل و پێداویستی و كەرەستەكانت بكە، ئەگەر زانیت جل و شتی باشت هەیە، پێویست ناكات جل و شت بكڕیت، تەنیا ئەوانە دەستنیشان بكە كە پێویستتە، هەوڵبدە جل و كەرەستە و شت كڕینت (20) رۆژ، یان مانگانە جارێك بێت، ئەو شتانەی پێویستتە لەلای خۆت بینووسە، تا لە بیریان نەكەیت. وا چاكە هەموویان بە جارێك بكڕیت، واتە لە رۆژێك، یان دوو رۆژی بازاڕكردنت.
- بیر لەوە مەكەوە ئاخۆ تازە چی هاتووە و دەبێ چ رەنگێك باو بێت، ستایلی خۆت بزانە و شێوە و جەستەت دیار بكە لەوەی چیت پێویستە و چیت پێدەوێت. لە كڕین و هەڵبژاردنی كەرەستە و جلەكانت پەشیمان مەبەوە و مەڵێ خۆزگە ئەوە نەبوایە و یەكێكی دیكە بووایە، بتوانە چەندین مۆدی جیاواز لە جلەكانت دروست بكەیت، لە گونجاندنی رەنگ و نەخش و شێوەدا وردبینی بكە.
- ئافرەتان، لە كاتی خۆئامادەكرن و خۆگۆڕین، سەریان لێدەشێوێت و نازانن چ جۆرە جلێك لەبەر بكەن، تەنانەت نیگەرانی ئەوەش دەبن كە جلێك، یان ئێكسسوارێكی وایان نییە لەبەری بكەن، باشترە لە پێشوودا جلەكانت دیاری بكەیت، هەروەها ئەو ئێكسسوار و كەرەستانەش هەڵبژێرە كە دەتەوێ لەبەریان بكەیت، چاكتریشە بە پێی خشتەیەك بیانووسیتەوە.
- لەو كاتەی لەگەڵ هاوڕێیان و دەستەخوشكەكانت دەچنە دەرەوە بۆ پیاسە و گەڕان، سەرنج مەدە جل و كەرەستە، بەڵكو هەوڵبدە كاتی دەرچوونت تەنیا بۆ كات بەسەربردن بێت و بیر لە شت كڕین مەكەرەوە. ئەو هەنگاوانەی سەرەوە، لە دوودڵی مۆدە و جل و كەرەستەكان دوورت دەكاتەوە و هەروەها ئەو ئالوودەبوونەت لە كۆڵ دەبێتەوە كە بە بازاڕ و شت كڕینت گرتووە، بۆ سەردانی و میوانی و راپەڕاندنی كارەكانت كاتی زیاتریشت دەبێ.
Top