زۆربەی ئافرەتان كاتێك دەڕۆنە دەرەوە و لەماڵ دەردەچن، دووچاری رەخنەی دەستەخوشك و هاوڕێیانیان دەبنەوە لەوەی كە جلەكەی بە جوانی هەڵنەبژاردووە، كە لەگەڵ شێوەی جەستە و رووخساریان بگونجێ، ئەوانیش دڵگران دەبن و زیاتر نیگەرانی ئەوەن ئاخۆ چۆن بتوانن جلێكی شیك بۆ دەرەوە هەڵبژێرن و لەبەری بكەن. بە هاتنی وەرزی زستانیش گۆڕانكاری لە كەش و هەوا روودەدات و سارد دەبێ، مۆد و شێوازی جلەكانیش گۆڕانكارییان بەسەردا دێ، ئەمە جگە لەوەی كە خانمان هەمیشە ئاواتیانە جلەكانیان بەپێی وەرز و كاتەكان بێ و لەگەڵ مۆدی تازە بڕۆن، (ماریان بیگل) لە گۆڤاری ئیلی ئەڵمانی لەسەر مۆدی جلی دەرەوە و دەرچوون نووسیویەتی: خانمان لە زستاندا جلی زۆر لەبەر دەكەن و ئەوەش كاریگەری دەكاتە سەر شێوازی رۆیشتن و جوانیی لەش و لاریان دەشارێتەوە، بۆیە جوانترین جل بۆ ئەو وەرزە بلووزێكی گەورە و پانتۆڵە، كە پانتۆڵەكە دەكرێ لە جینز، یان قوماش بێت، هەروەها لەبەركردنی قاتە جاكێتێكی درێژیش بە مەرجێك لەسەر چۆك درێژتر نەبێ، مۆدێكی نایابی لێی دەردەچێ، جوانتریش دەبێ ئەگەر چاكێتەكە بە دووگمەی گەورە و نەخشێكی بچووك رازاوە بێت، هەروەها ئەگەر پانتۆڵێكی قوماشتان هەڵبژارد، با پانتۆڵەكە سادە و لە رەنگی تۆخ بێت وەك: قاوەیی، رەساسی، ئەگەر جینزیش بوو، دەكرێ مۆدی جۆراوجۆر بێت، كە لە لیزەر و نەخشی سەر رانەكانی رازاوە بێت، بەم چەشنە مۆدێكی شیكت بۆ دەردەچێت.