ئەو ئێكسسوار و كەرەستانەی لە وەرزی زستاندا جێگەی بایەخ و گرنگن بۆ خانمان، ژمارەیان كەمە و تەنیا چەند چەشنێكن، چونكە لە وەرزی زستاندا، دەبێ زیاتر بایەخ بە جلوبەرگ بدرێت، لێرەوە شوێنی خشڵ و ئێكسسوارەكان دیارنابن، بەڵام هەندێ پۆشاك هەن، لە كاتی سەرمادا گرنگن و خانمانیش دەتوانن سوودیان لێ وەربگرن، لەوانە: ملپێچ و سەرپێچ و دەستەوانە و شاڵی مل، یەكێكە لەو پۆشاكانەی جگە لەوەی بۆ خۆپاراستن لە سەرما لەمل و سەر و دەست دەكرێن، هەروەها مۆدێكی بەرچاوە لە شێوازەكانی جلدا، سەرپێچ، بریتییە لە پۆشاكێكی گەرم و نەرم، كە لە سەر دەكرێ و هەندێكیان دەخرێتە سەر نێوچەوان و هەندێكی دیكەش لە ناوەڕاستی سەرەوە دەبێ، لە بەشی دواوەش دەكەوێتە سەر پشتەمل و بەشی دواوەی سەر، گرنگی ئەو پۆشاكە لە سێ لایەندا دەبینرێت، یەكەمیان بۆ پاراستنی سەر و نێوچەوانە لە سەرما و سۆڵە، دووەمیش بۆ جوانی و سەرنجڕاكێشبوونە، سێیەمیش بۆ بەستن و هەڵگرتنی پرچە، سەبارەت بە رەنگەكانیش واجوانە لەو وەرزەدا، رەنگێكی تۆخی هەبێ، كە زیاتر لە سوور و سپی بێت، یان دەكرێ رەنگاورەنگ بێت، تا لە دوور و نزیكەوە بەرچاو بێت.